محەممەدجەواد فەتحی نوێنەری مەجلیس، لە دژایەتی کردنی لەگەڵ گەڵاڵەی پەرەپێدان بە دامودەزگای قەزایی و سازکردنی بینای زیاتر بۆ دادگاکان، وێڕای باس کردن لە هەبوونی ١٥ میلوێن پەروەندە لە دادگاکان، باسی لە ناکارامەیی دەزگایی قەزایی کرد.
ئەو نوینەرەی مەجلیسی شووڕای ئیسلامیی ئێران لە قسەکانیدا بە باس کردن لەسەر پەرەسەندنی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، لەو باروە بەرانبەر بە گەڵاڵەی زیاد کردنی ناوەندە قەزاییەکان وەکوو دادگا و زیندان بە توندی هەڵویستی گرتی و وتی؛ لە کاتێکدا هەر ئێستا ١٥ ملوێن پەرەوەندە لە دادگاکان کەڵەکە کراوە نیشانەی ئەوەیە کە دەزگای قەزایی ئێران نەیتوانیوە پێش لە پەرەئەستاندنی تاوانەکان بگرێ و رۆژ بە رۆژ لە زیاد بوون دایە.
محەممەدجەواد فەتحی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “ئێران کە بە سیستمی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەدەچێ بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە رێژەی تاوانەکان و سەردان کردنەکان بۆ دادگاکان ئیگجار بەرزە و بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەچێ، ئەمەش بە زیادتر کردنی دامودەزگا قەزاییەکان چارەسەر نابێ و لەو بارەوە بە نموونە هێنانەوە لە وڵاتی هیندوستان کە چەند بەرابەری ئێران جەماوەری هەیە وتی لە هیندوستان بەو حەشیمەتە کە هەیەتی تەنیا ٤ ملیۆن پەروەندە لە دادگاکان هەیە و لە ئێران ١٥ ملوێنە.
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ هەبوونی ١٥ ملوێن پەروەندی کەڵەکەکراو لە دادگاکانی ئێران وتی؛ “دەبی لەسەر پرسی تاوانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە شێوەی بنەڕەتی بیری لێبکەینەوە نەک پانتایی بەخشین بە فەزای دامودەزگا قەزاییەکان”.
نوێنەرێکی دیکەش لەو پێوەندییەدا بە ئاماژەدان بە رێژەی تاوانەکان و زیندانییەکان لە ئێران و تێچوو و خەساری کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی وتی؛ هەبوونی دامودەزگا قەزاییە زل و گەورەکان لە هەر وڵاتێک، نیشانەی هەرەس هێنانی ئەو رێژیمەیە.