بە مەبەستی رێزگرتن لە شەهیدانی یەڵدای خوێناویی دێموکرات و هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی ژانویەی ٢٠١٧ی زایینی، کۆمیتە ناوچەی “رۆگلاند”ی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڕیادێکیان لە شاری “ستاڤانگێر” پێک هێنا.
ئەو کۆڕیادەدا کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامانی و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات و کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە و نوێنەرانی چەند لایەنێکی سیاسی و بنەماڵەی یەکێک لە شەهیدانی یەڵدا تێیدا ئامادەی بوون، سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستی پێ کرد. پاشان لە لایەن هاوڕێ “سیلڤانا بایەزیدپوور” ئەندامی کومیتە ناوچەی “رۆگلاند” و بەڕێوەبەری رێوڕەسمەکەوە، بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی یەڵدا و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان، چەند ساتێک بێدەنگی راگەیەندرا و هاوکات ٧ کوڕ بە وێنەی شەهیدانەوە و ٧ کچ گوڵ و مۆم بەدەست، وەک هێما و رێزلێنانێک لە ٧ شەهیدەکەی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەردەم سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان روو بە ئامادەبووان وەستان. دواتر پەیامی کومیتە ناوچەی “رۆگلاند” لە لایەن هاوڕێ “ئارام بەخشووری” ئەندامی کومیتە ناوچەوە خوێندرایەوە. بەدوای پەیامەکەدا، هاوڕێ “محەممەد کەسرایی” ئەندامی پێشووی رێبەریی حیزب، باسێکی سەبارەت بە گەورەیی و جێگە و پێگەی شەهید و درێژەدانی رێبازیان و یەکڕیزی و یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد و بەگژداچوونەوەی پیلانەکانی دوژمنان، پێشکەشی ئامادەبووان کرد. ژیاننامەی شەهیدانی یەڵدا بە سینەما سلاید کە لە لایەن بەشی راگەیاندنی کومیتەی وڵاتی نۆروێژەوە ئامادە کرابوو، بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆڕیادە بوو. پاشان خاتوو “سازگار مەحموودیان” کە وەک لاوێکی هەست ناسک و کچە شەهیدێک پەخشانێکی بۆ شەهیدانی یەڵدای خوێناوی ئامادە کردبوو، پێشکەشی بەشدارانی کرد. بە دوای ئەو پەخشانەدا، پەیامی کومیتەی “رۆگلاند”ی یەکیتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن خاتوو “ڤێمان”ەوە خوێندرایەوە و کاک “شوانە رەحمانی” ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش بە دەنگە بەسۆزەکەی، شیعرێکی “فەریدوون ئەڕشەدی” پێشکەش کرد. پاشان هاوڕێ “ماردین میرخزری” تاقانە کوڕی شەهید “وەهاب میرخزری”، بە ناوی بنەماڵەی شەهیدانی یەڵداوە پەیامێکی خوێندەوە و تێیدا سوپاسی هاودەردی و هاوخەمیی ئامادەبووان و بەڕێوەبەرانی ئەو کۆڕیادەی کرد.
شایانی باسە، ئەم کۆڕیادە بە داگیرساندنی مۆم لە لایان ئامادەبووانەوە کۆتایی پێ هات.