شەوی ١٩ی بەفرانبار کە هەواڵی مردنی رەفسجانی بڵاوبۆوە، چ لە نێوخۆی ئێران و چ لە دەرەوەی ئەو وڵاتە دەنگدانەوەی ئەو مردنە بە شێوە جۆراجۆر لە سەرەوەی هەواڵەکانی دیکەدا خرایە بەرباس.
دەنگدانەوەی مەرگی رەفسەنجانی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ئیگجار بەرچاو و هەڵسەنگاندکان لەو بارەوە جیاوازن.
رۆژنامەی واڵستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە رەفسەنجانی دەڵێ؛ هاشمی رەفسەنجانی لە تیرۆرەکانی ئاڵمان و ئاڕژانتین و عەرەبستان تاوانباری سەرەکییە و، دەستی بە کوشتنی بەشێکی زۆر لە جیابیران و دژبەرانی نیزام سوورە.
واڵستریت ژۆرناڵ بە وەبیرهێنانەوەی تیرۆری چوار کەس لە ئەندامانی ئۆپۆزسیونی ئێران، لە ریستۆرانێک لە برلین کە یەکێک لەوان دوکتور سادق شەرەفکەندی بوو، ئاماژەی بەوە داوە کە بە ئیعترافی یەکێک لە ئەندامانی ئیتلاعات کە گوتبووی رەفەنسجانی بەردەوام لەگەڵ کۆمیتەی دامەزراو بۆ کوشتن و تیرۆری جیابیران و دژبەرانی نیزام لە پێوەندیدا هەبووە.
هەروەها لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا تەقینەوەکانی شاری بۆئینس ئایرسی ئاڕژانتین و کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ جوولەکەی خستۆتەڕوو کە بە پێی بڕیاری دادگای ئاڕژانتین، دیسانەوە هاشمیی رەفسەنجانی لەو بارەوە دەوری تایبەتیی هەبووە و
لە سالی ١٣٧٤ لە کردەوەیەکی تیرۆریستی و تەقاندنەوەی بۆرجەکانی خوبەر لە وڵاتی عەرەبستان کە بوو بە هۆی کوژرانی ١٩ سەربازی ئامریکایی، باس لە دەور و رۆڵی رەفسەنجانی لەو رووداوەش دەکرێ.
واڵستریت ژۆرناڵ، لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا رەفسەنجانی بە کەسی یەکەم دەزانێ کە خوازیاری ئەوە بوو ئێران ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمیی بە مەبەستی بەربەرەکانی کردن لە گەڵ زلهێزانی جیهان .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خاڵی هاوبەشی هەڵویست و نووسراوەکانی بەشێکی زۆر لە چالاکان سەبارەت بە مەرگی هاشمی ئەوەیە کە لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی ناوبراودا دەیان و سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی و جیابیران و نووسەران و رێبەرانی ئۆپۆزسیونەکان بە فەرمان و ئاگاداری ئەو کوژران و هەروەها ناوبراو لە سانسۆر و سڕینەوەی دەنگی جیاواز رۆڵ و دەوری کارای هەبوو.
لە نێوباڵەکانی رێژیمیش مردنی رەفسەنجانی کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتۆتەوە، خامنەیی لە پەیامی سەرەخۆشیەکەیدا، نایشارێتەوە کە لەم دواییانە لەگەڵ رەفسەنجانی کێشەی هەبووە، بەشێک لە رێفۆرخوازەکان بە لە دەستدانی رەفسەنجانی هەست بە نیگەرانی دەکەن و باڵێکی دیکەش بە “عالیجناب سوور پۆش”ی دەناسن کە لە پاکتاوکردنی ناڕازیان و رەخنەگرانی نیزانم دەستی باڵای هەبووە.
چەندین رۆژنامە و بڵاڤۆکی بەناوبانگی جیهانی وەکوو لۆمۆند، ئاسۆشەیتێدپرێس و نیویۆرک تایمز بە خستنەبەرباسی کاریگەریی رەفسەنجانی بەسەر سیاسەت و پلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناوبراویان بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پلانی تیرۆر و کوشتنی نەیارانی رێژیم ناساندوە.
شایانی باسە لە رێورەسمی ناشتنی رەفسەنجانیدا، رێگە بە محەممەد خاتەمی نەدراوە لەو رێوڕەسمە بەشداریی بکا و ئەو رێورەسمە لە کەشێکی ئەمنییەتیدا رۆژی سێشەممە ٢١بەفرانبار بەڕێوەچوو.