ڕۆژنامەنووسێکی کورد بەهۆی ڕەخنەگرتن لە خراپیی بەڕێوەبەریی دامودەزگای دەوڵەتی لە شاری ورمێ، بۆ دادگا بانگ کرا.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە کوردستان، سەرەتای ئەم حەوتوویە، “ئەسکەندەر خەنجەری” کوڕی “ئەحیا” بۆ دادگای شۆڕش لە شاری ورمێ بانگکراوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرە، ماوەیەک لەوەپێش لە بابەتێکدا وێڕای ڕەخنەی جیددی لە بەڕێوەبەریی باخچەی ئاژەڵانی شاری ورمێ، گوتبووی ئەو باخچەیە دەبێ گەماڕۆی بخرێتەسەر.
ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی پارێزگای ورمێ لەگەڵ شارەوانیی ورمێ سکاڵایان دژ بە ئەسکەندەر خەنجەری لە دادگا تۆمار کردوە.
ئەو ڕۆژنامەوانە کوردە، ئەندامی شووڕای نووسەرانی حەوتوونامەی “کوشا”ـی ورمێیە.
بابەتی ” باغ وحش ارومیه را دریابید!” دوو حەوتوو لەمەوبەر لە “ندای ارومیە” بڵاوکرایەوە، بەڵام لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا لەسەر ماڵپەڕەکە لا برا.
ئەسکەندەر خەنجەری ٥ ساڵ لەوە پێش وێبلاگێکی بەناوی “منهای حرف” بە لێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرییەکان پێکهێنا، بەڵام لە بەهاری ئەمساڵەوە، یادداشتی ئەوتۆی بڵاو نەکردۆتەوە.
ئەوە یەکەم جار نییە لە پارێزگای ورمێ ڕۆژنامەنوسان لەلایەن کەس و ئیدارەکانی دەوڵەت شکایەتیان لێ دەکرێ، پێشتریش نوێنەرێکی مەجلیس لە ورمێ شکایەتی لە “حامید عەتایی”، ڕۆژنامەوانی کورد کرد و سزای چوار مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی بۆ بڕایەوە.
شایان باسە ئێران بە بەندکرانی ٢٩ ڕۆژنامەوان و هاووڵاتی ـ هەواڵنێری زیندانی، بە یەکێک لە پێنج گرتووخانەی گەورەی جیهان بۆ چالاکانی ڕاگەیاندن دێتە هەژمار.