شیرکەتی کێڵگەی پەلەوەر و کشتوکاڵی ئۆرووم دانەی میاندواو ٢٠ کرێکاری کوردی لە سەر کارەکەیان دەرکرد.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، حەوتووی ڕابردوو، خاوەنکاری شیرکەتی ئۆروومی گەوهەر دانەی پارێزگای ورمێ، لانیکەم ٢٠ کرێکاری کورد کە خەڵکی شارەکانی بۆکان و ساینقەڵان، بێکار کرد.
ئەو کرێکارانە لەلایەن شیرکەتی ئۆرووم دانە لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵدا بە شێوەی گرێبەست دامەزرابوون.
کرێکارەکان لە کاتی پاکانە حیساب، لەلایەن خاوەنکاری شێرکەتی ئۆرووم دانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە لە ئەگەری تۆمارکردنی سکاڵادا، ساڵی داهاتوو، ئیزنی دامەزراندیان لەو شیرکەتە پێ نادرێ.
پێشتر، بەڕێوەبەری ئەو شیرکەتە بە ناوی سەید عەزیز حوسێنی لە وتووێژێکدا گوتبووی؛ تەواوی چالاکییەکان لە ڕاستای ئابووری خۆڕاگریدا دەبێ. هەروەها لەم شیرکەتە نزیکەی ٢٠٠ هەتا ٣٠٠ کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ خەریکی کار کردنن.
شایانی باسە ئەو شیرکەتە کە لە ژێر چاوەدێریی سپای ورمێ دایە، لقی لە شارەکانی ساین قەڵا، میاندواو و بۆکان هەیە و دەفتەری سەرەکیی ئەو شێرکەتە لە شاری میاندواوە.
جێی ئاماژەیە سەبارەت بە دۆخی نالەباری کڕیکاران لە شارەکانی کوردستان وەک لە هەواڵەکانی پێشووتر باسکرا، نزیک بە چڵ رۆژ بەشێکی زۆر لە کرێکارانی کشت وسەنعەتی مەهاباد لە هەمبەر وەداو کەوتنی مووچە و بێکارکردنیان خۆپێشاندانیان کردوە.