دوکتور تارق هاشمی جێگری پێشووی سەرۆککۆماری عێراق لە وتووێژێکی تلویزیونیدا، تەقینەوەکانی شاری سامرا لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی وەپاڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران خست.
جێگری پێشووی سەرۆککۆماری عێراق لە دیمانەیەک لەگەڵ تلویزیونی “العربیە” وێڕای باس کردن لە رووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٦ لە عێراق سەبارەت بە تەقینەوەکانی شاری سامرا و تەقاندنەوەی بارەگای ئیمامانی عەسکەری لەو بارەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە تاوانبار زانی و، هێندێک لایەنی شاراوەی لە پیلانگێڕی رێژیمی تاران لە نێو خاکی عیراق خستەڕوو.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت رووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٦ کە کۆمەڵێک تەقینەوە لە شارەکانی عێراق رووی دا و یەکێک لەوانە تەقاندنەوەی بارەگا و مەزاری ئیمامانی عەسکەری لە شاری سامرا بوو و هۆکارەکەشی بۆ پەرەپێدان بە ناکۆکیی نێوان شێعە و سوننە زانی کە چ لەو کات و چ لە ئێستادا ئەو ناکۆکییانە شوێندانەریی خۆی لە ناسەقامگیریی عێراق هەیە.
تارق هاشمی، لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا بە وەبیرهێنانەوەی چەندین رووداو و کردەوەی تیرۆریستی لە ساڵی ٢٠٠٦ی زاینیی لە وڵاتی عێراق، گوتی دوای هەر تەقینەوەیەک لە ناوچە شێعەنشینەکانی عێراق، بەرپرسانی ئەوکاتی ئێراق وەکوو ئیبرایم جەعفەری، بناژۆخوازانی سوننی عیراقیان بە تاوانبار دەزانی هەتاکوو دوای تەقینەوەکانی شاری سامرا و دیسان بە تاونبار زانینی سوننییەکانی عێراق، ژنرال کەیسی، لە ئاریزۆنای ئامریکا لە ساڵی ٢٠١٣ بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ کاتێک تەقینەوەکانی شاری سامرا رووی دا ئێمە بە پێکهێنانی لێژنەیەک لێكۆڵینەوەمان لەسەر کرد و بەو ئاکامە گەیشتین کە ئەو تەقینەوە کاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بەرپرسانی ئەوکاتی عیراقمان لەو بارەوە دڵنیا کردەوە کە ئەو کردەوە تیرۆریستییە پێوەندی بە ئیرانەوە هەیە .
تارق هاشمی لە کۆتایی قسەکانیدا بە ئاماژە پێدان بەوە کە کۆماری ئیسلامیی تاوانباری سەرەکیی شەڕی نێوان شێعە و سوننەیە لە جیهان و بەتایبەتی لە عیراق، هۆکاری کوشتن و ماڵوێرانی خەڵکی سووریەو عێراق بەشێکی بەرچاوی بۆ دەستیوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە.