عەلی ئەکبەری هاشمیی رەفسەنجانی، شەوی ١٩ی بەفرانبار(٨ی ژانویە) سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندی رێژیم لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا مرد.
هاشمیی رەفسەنجانی، یەک لە بە نفووزترین و بە دەسەڵاتترین کەسایەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زۆربەی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا بوو. ئەو، لە هێنانە سەرکار و جێگیرکردنی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، هەروەها لە دەیەی یەکەمی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا کە ئەو رێژیمە لە لایەکەوە خەریکی سەرکوت و لە مەیدان وەدەرنانی هێزە سیاسییەکان بوو و لە لایەکی دیکە لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە شەڕێکی گەورەو ماڵوێرانکەردا بوو، وەک دووهەم کەسایەتیی کۆماری ئیسلامی، رۆڵی بنەڕەتیی لە رێبەری کردنی رێژیمەکەیاندا گێڕا. رەفسەنجانی وەک ئەندامی “شورای انقلاب”، دواتر وەک سەرۆکی دوو دەورەی مەجلیسی شوورای ئیسلامی، رۆڵێکی کلیدیی هەبوو لە داڕشتنی سیاسەتی کەلانی نیزام و بەڕێوەبەریی وڵاتدا. نزیکیی رەفسەنجانی بە خومەینی و متمانەی رێبەر و دامەزرینەری کۆماری ئیسلامی بە تواناکانی رەفسەنجانی، بووە هۆی ئەوە خومەینی لە ساڵانی کۆتایی شەڕ لەگەڵ عێراقدا، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی رێژیمەکەی بە ناوبراو بسپێرێ.
رەفسەنجانی، دوای مردنی خومەینی رێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی خامەنەیی ببێتە رێبەری کۆماری ئیسلامیو، بۆ خۆشی بۆ ماوەی دوو دەورە بوو بە سەرکۆماری ئەو رێژیمە. کارنامەی رەشی دوو دەیە دەسەڵاتدارێتیی هاشمی رەفسەنجانی لە بەرزترین پۆستەکان بە تایبەتی لە پۆستی سەرکۆماریدا لە لایەک و لە لایەکی دیکە، لە ئاکامی گەشەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیو ریفۆرمخوازیدا داسەپانی جۆرێک کرانەوەی سیاسی بەسەر ئەو رێژیمە، بووە هۆی ئەوە رۆژنامەنووسە بوێرەکان و چالاکانی سیاسیی ئازای ئەو کات، کارنامەی پڕ لە تاوان و گەندەڵیی دامودەزگای دەوڵەتی بە تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعات و بنیاتە سەرکوتکەرەکان لە سەردەمی سەرکۆماریی رەفسەنجانیدا بخەنە ژیر تیشکی رەخنە و لەقاودان. قەتڵە زنجیرەییەکان لە نێوخۆی وڵات و تێرۆری رێبەران و تێکۆشەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی تێرۆری دوو سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتو هاوڕێیانیان: د.قاسملوو و د.شەرەفکەندی، بەشێکی کەم لە کارنامەی رەفسەنجانی لەم دەورەیە دان. بە پێی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای قەزایی ئەڵمان و بڕیاری دادگای میکۆنووس لە سەر پەروەندەی تێرۆری د.سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، رەفسەنجانی لە بڕیاردەرانی سەرەکیی ئەو تیرۆرە و تێرۆری د.قاسملوو و زۆربەی تیرۆرەکانی دیکەی ئەو رێژیمە بووە. ئەو بڕە لەقاودان و دەرکەوتنی ماهییەتی راستەقینە و دژی خەڵکیی ئەو بە ناو سەردارەی سازەندەگی، بەس بوو بۆ ئەوەی لە نێوخۆی وڵاتیش، گڵۆڵەی بکەوێتە لێژی و جارێکی دیکە نە بەدەنگی دەنگدەران و نە بە هەر فێڵ و تەڵەکەیەکی دیکە، نەتوانێ بچێتەوە مەجلیس یا پۆستی سەرکۆماری بگرێتەوە دەست. دیارە دژایەتیی قۆلەکانی نێو دەسەلات لەگەڵ رەفسەنجانی لە دەیەی سێهەم و چوارەمی تەمەنی کۆماری ئیسلامییشدا، بە نۆرەی خۆیان رۆڵیان هەبوو لە پەراوێزخران و کورتکرانەوەی رێژەیی دەستی ناوبراو لە جومگە گرنگەکانی دەسەڵات.
ئەگەر میراتگران و بەڕێوەبەرانی ئیستای رێژیمی کۆماری ئیسلامی، کەسایەتی و ژیان و مردنی رەفسەنجانی، بە پێوەری ئەو خزمەتانەی بە مانەوەی رێژیمەکەیانی کردووە، هەڵ دەسەنگێنن و بۆی بە داخن، لە بەرامبەردا خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی، ئێعدام و لە ژێر ئەشکەنجەداکوژرانی رۆڵەکانیان، بەسەرداسەپانی شەڕ و سەرکوت و دەمکوت و دەستدرێژی، تێرۆری رێبەران و تێکۆشەرانیان، پێشێلکرانی سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانیان، تاڵان و بە فیڕۆدرانی سامانی وڵاتەکەیان و بەڕێوەچوونی سەدان و هەزاران سیاسەت و بەرنامەی دژ بە بەرژەوەندی سیاسی، ئابووری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران کە شەخسی رەفسەنجانی لە پۆست و سەردەمی جۆراوجۆردا، رۆڵی تێیاندا هەبووە، دەکەنە پیوەر بۆ هەڵسەنگاندنی کارنامەی سیاسیو دەسەڵاتدارێتیی ناوبراو.
مێژوو بە ویژدانەوە لە بارەی کەسایەتییەکان و دەسەڵاتدارانەوە حوکمی خۆی دەدا. ئەگەر کەسایەتییەکی وەک ئایەتوڵلا مونتەزیری، سەرئەنجام نەیتوانی لە ئاست تاوانەکانی بڕیاربەدەستانی ئەو رێژیمە لە کوشتاری رۆڵە بەندکراوەکانی خەڵکی ئێران بێدەنگ بێ و پۆستی ویلایەتعەهدی(جێگریی خومەینی)و هەموو بەرژەوەندێکی شەخسیی ئەوکات و دواتری خۆی لە سۆنگەی هەڵوێستێکی بوێرانە و شەرافەتمەندانەدا، کردە قوربانی و هەتا کاتی مردن، بەم بۆنەیەوە لەگەڵ دەسبەسەری و گوشار و بێڕێزی بەرەوڕوو بوو، رەفسەنجانی هیچ کات، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە بۆ قوژبن و پەسیوی دەسەڵاتیان تووڕهەڵدابوو، ئامادە نەبوو پشت بکاتە بەرژەوەندی رێژیمە جینایەتکارەکەیان. ئامادە نەبوو رەخنە لە سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی و تاوان و سەرکوتی دڵرەقانەی رێژیمەکەی بەرامبەر خەڵکی ئێران بگرێ. کارنامەی دەسەڵاتدارێتیی ئەو، ئەگەر هەنگاونان لە راستای چارەسەرکردنی زۆر کێشه و پرس و داوای رەوای نەتەوەکانی ئیران و چین و توێژەکانی خەڵکی وڵاتی تێدا نیە، لە بەرامبەردا پڕە لە پیلانگێڕی و سیاسەتبازی بە مەبەستی سەرکوتکردن و سەرپۆش لە سەردانانیان.
حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە سەرنجدان بەو راستیانە، مەرگی رەفسەنجانی- هەر کاریگەرییەکی لەسەر ململانێی قۆڵەکانی نیو ئەو رێژیمە و داهاتووی کۆماری ئیسلامی هەبێ ـ بە خەسارێک بۆ ئەو ڕێژیمە، نەک خەسارێک بۆ خەڵک و وڵاتی ئێران دەزانێ. لە روانگەی ئێمە و هەموو ئازادیخوازانی ئێران، ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە رەفسەنجانی و سەرانی دیکەی ئەو رێژیمە، بێ ئەوەی لە دادگایەکی خەڵکی و دادپەروەردا موحاکەمە بکرێن و ناچار بە وڵامدانەوە لە ئاست تاوانەکانی سەردەمی دەسەلاتدارەتیی خۆیان بکرێن، دەمرن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٩ی بەفرانباری ١٣٩٥
٩/٠١/٢٠١٧