زیندانی سیاسیی کورد بەناوی سەعید شیرزاد زیاتر لە مانگێکە مانی لە خواردن گرتووە.
سەعید شێرزاد لە رۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ١٧ سەرماوەز، بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە پێشێلکردنی مافی زیندانیان و نەبوونی باری ئەمنی زیندانیان و ئاگادارکردنەوەی لایەنەکانی پێوەندیدار بە مافی زیندانیان، بە دوروونەوەی لێوەکانی خۆی مانی لە خواردن گرت و ئێستاش سی و دوو رۆژە، لە مانگرتن دایە.
ناوبراو رۆژی ١٧ی بەفرانباریش بە دەرکردنی نامەیەک رایگەیاندوە کە مانگرتنەکەی بە مەبەستی تاکەکەسیی نیە و بەڵکوو بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین لە هەڵسوکەوتی نەشیاو و نامرۆڤانەی کاربەدەستانی زیندان و کوتەک و لێدان و سووکایەتی کردن بە زیندانیانی مانگرتووە.
زیندانی سیاسی کورد سەعید شێرزاد تەمەن ٢٨ ساڵان، لە ١٨ی جۆزەردان ٩٣ی هەتاویی بە تاوانی بەشداریی کردن لە کۆبوونەوەکان و هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
ناوبراو ماوەیەک لەمەوپێش بە بەشێک لە بنەماڵەو کەسوکاری زیندانیانی سیاسی و مەحکووم بە ئیعدامی ڕایگەیاند؛ ئەمن بۆ گەیاندن و بەرزکردنەوەی دەنگی کپکراوەی زیندانیان، درێژە بە مانگرتن دەدەم.