فیلمی دیکۆمێنتاریی “ژیان لەسەر سنوور” Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “بەھمەن قوبادی” کە لە لایەن “ئانجێلینا جوولی” Angelina Jolie ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان پشتیوانی لێکراو، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا ڕۆژی ١٨ی فێبرییەی ٢٠١٦ لە بەشی “نمایشی تایبەتی مافووری سوور”، لە میانەی شەست و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕڵین” لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمان پیشاندرا.
لە نوێترین فیلمی “ژیان لەسەر سنوور”، لە دەرهێنانی بەهەمەن قوبادی سینەماکاری ناوداری کورد، دیسانەکە دەنگدانەوەی جۆراوجۆری میدیایی لە وڵاتی ئاڵمان لێکەتەوەو، بوو بە فیلمێکی سەرنجراکیش سەبارەت بە کوردستان و هەروەها جینایەتەکانی داعش.
شیاوی باسە، فیلمی دیکۆمێنتاریی “ژیان لە سەر سنوور” سەبارەت بە مناڵانی ئاوارەی كۆبانی و شەنگاڵ، لە دەرهێنانی بەھمەن قوبادی لە وڵاتی ئاڵمان نمایش کرا.
ئەو فیلمە دیکۆمینتیە لە وڵاتی ئەڵمان چەندین نمایشی سەركەوتوی ھەبووە كە دەكرێت ئاماژە بە نمایشی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی برلینالە و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مناڵان و مێرمناڵانی فرانكفۆرت بە ناوی “لۆكاس” كە، تا ئێستا پێشوازیی بێوێنەی لێکراوە.
بە هۆی نمایشی سەركەوتووانەی ئەم فیلمه، كۆمەڵەی عەلەوی شاری “برێمن” و پارتێكی سیاسی راگەیاندووە كە پێویستە فیلمی “ژیان لەسەر سنوور” بە شێوەی سەربەخۆ نمایش بكرێ.
ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییه لە میدیاکانی ئەڵمان كاردانەوەی بەرچاوی لێكەوتۆتەوە و بابەتی ئەم فیلمنامە چووەتە ناو سیستەمی پەروەردە و پەرتۆكی قوتابخانەی مناڵانی وڵاتی ئەڵمان.