لە کاتێکدا رۆژ نیە یەک یان چەند کەس، لە کۆڵبەرانی کورد لەلایەن چەکدارانی سەرسنوور تەقەیان لێنەکرێ و نەبنە قوربانیی، سەرەنجام وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامیی ئێران، دانی بەوە داناوە کە خەڵکی کورد لە شارە سنوورییەکان بەهۆی نەبوونی داهات و، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان بە ناچاری ڕوو دەکەنە کارو پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هەر ساڵە سەدان کەس لە خەڵکی گوند و شارەکانی سەرسنوور بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئینتیزامی و سپای پاسداران دەکوژرێن و بریندار دەبن و کەلوپەلی ئەو چینە بێدەرەتانەش بە شێوەی نایاسایی تاڵان دەکرێ.
“سەید حسێن نەقەویحسێنی” وتەبێژەی ئاسایشی نیشتمانیی لە مەجلیس ڕایگەیاند؛ کە کۆڵبەری یاسای هەیەو، دەبێ بەشێوەی یاسایی چارەسەر بکرێ، یەک لەوانە پەرەپێدان بە ئابووریی ناوچە سنوورییەکانە.
بە پێی هەواڵی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو نوێنەرەی مەجلیس ڕایگەیاندوە کە دەبێ بەرانبەر بە کۆڵبەری یاسا پێرەو بکرێ، چونکە کۆڵبەریش مافی دابینکردنی بژیوی خۆی هەیە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە لە پێش چاو گرتنی مافی کوڵبەران، نابێ بەهیچ جۆرێک کۆڵبەران بکەونە بەر دەسترێژی گوللەو خەساری گیانی و ماڵییان لێبکەوێ، مەگەر لەکاتێکدا کە کۆلبەر هەڵگری کەلوپەلی یاساغ بێ و، ئەویش دەبێ ڕادەستی دادگا و یاسا بکرێ نەک تەقەی لێبکرێ یان بکوژرێ و بریندار بکرێ.
وتەکانی ئەو نوینەرەی مەجلیس و، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی لە کاتێک دایە کە هێزە چەکدارەکانی سەرسنوور، هەروا سەرەرۆیانە و راستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەرانی سەر سنوورەکانی کوردستان دەکەن و هیچ ناوەندێکیش خۆی بە بەرپرسیار نازانێ.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە کاتێکدا کە بەرپرسێکی ئەمنیەتی دان بە کوشتن و بریندارکردنی کوڵبەران دادەنێ، ماوەیەک لەمەوپێش پاسدار “مونتەزەرولمەهدی” گوتبووی: لەساڵی ڕابردوو هیچ کوڵبەرێک نەکوژراوەو ئەو هەواڵانەش کە بڵاو دەبنەوە درۆ و دەلەسەی هەواڵدەرییەکانی دژ بە نیزامن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە سەد کۆڵبەر لە ساڵی رابردوودا تا ئێستا بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی رێژیم کوژراون.