بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەگەرچی زیاتر لە ٣٠ بەنداو تەنیا لە پارێزگای سنە گەلاڵەی بۆ دارێژراوە، یان بنیات نراون، بەڵام تەنیا ٢٧٠٠ هێکتار لە زەویزارەکانی ئەو پارێزگایە ئاودێر دەکرێن و بە واتایەکی دیکە لە ٣٣ بەنداو لە پارێزگای سنە تەنیا لە سەتا ٨ی ئاوەکانی ئەو پارێزگایە کەڵکی لێوەردەگیردرێ و پاشماوەی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای سنە دەگوازرێتەوە بۆ ٥ پارێزگای دیکە لە ناوەندی جوغرافیای ئێران.
شایانی باسە بۆ ساز کردنی هەر بەنداوێک لە کوردستان خەسارو زیانێکی زۆر لە ژینگە دەدرێ و بەشێکی زۆر لە کانی و چۆمەکان وشک دەبن و هەروەها بە هەزاران هێکتار دارستان و دەشت و دەری کشتوکاڵی دەچنە بن ئاو.
سەرەڕای هەبوونی زیاتر لە ٣٠ بەنداو تەنیا لە سەتا ١١ی ئاوەکان بۆ کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە بەکاردەهێنرێن و پاشماوەکەی دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی دەروەی سنووری کوردستان و رۆژبەرۆژ ژینگەو سروشتی کوردستان تووشی قەیران و خەسار دەبێ.
بە هۆی سازکردنی بەنداوی زۆر و کەڵک وەرنەگرتنیان بۆ کەرتی کشتوکاڵ، زۆرینەی گوندەکانی پارێزگای سنە و پارێزگاکانی دیکەی کوردستان لە حاڵی چوڵ بوون و لەگەڵ کاول بوون ڕووبەروون و تەنانەت پتر لە ٧٠٠ گوند لەو پارێزگایە کێشەی ئاوی خواردنیان هەیە.
لە پێوەندی لەگەڵ ڕاکشانی ئاوی ناوچە کوردستانییەکان وەک لە هەوڵەکانی پێشوو باس کرا دوای چەند ساڵ چاوەڕوانی خەڵکی پارێزگای کرماشان بەتایبەتی چینی وەرزێڕ و جووتیار، ئاوی رووباری سیروان گوازرایەوە بۆ دەشتی عەبباس لە پارێزگای ئەهواز و ئەو خەڵکە لە سەرچاوەو سامانی سروشتی ناوچەی خۆیان بێبەری کران.
شیاوی باسە ژینگەپارێزانی کوردستان بەرانبەر بە هەرچەشنە سازکردنی بەنداو، بەبێ خوێندنەوی زانستی و داڕشتنی گەڵاڵەی دوورەمەوداو، لە بەرچاو نەگرتنی دۆخی ژینگەیی، ناڕازین و خوازیاری ڕاگرتنی سازکردنی بەنداوە بێقازانج و پرزیانەکانن لە کوردستان.
لەو پێوەندیەشدا ژینگەپارێزانی شاری بانە نارەزایەتی خۆیانیان سەبارەت بە ساز کردنی بەنداوی چۆمان و کانیگۆیژان ڕاگەیاندوە.