بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە نێوخۆی وڵات، بە شکایەتی پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنیەت، کەسێک بە ناوی سەیدجەلال عەبباسی خەڵکی شاری کرماشان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستی، بەمەبەستی شێواندنی ڕای گشتیی لە لایەن لقی ٨ی دادگای ئینقلاب”ی ئەو شارەوە بانگهێشتی دادگا کراوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لەقاودانی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو پارێزگایە و رەخنەگرتن لە هەبوونی کێشەو گرفتەکان و چالاکبوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەنگە هۆکاری سەرەکیی ئەو بانگهێشت کردنە بێ کە ماوەیەکە لە پارێزگاکانی کوردستان زیادی کردووە.
هەر لە شاری کرماشان رۆژنامەنووس و چالاکێکی دیکە بە ناوی “فەرزاد پوورمرادی” لە رۆژی ٧ی بەفرانبار، بە تۆمەتی هەوڵدان بەدژی ئاسایشی نیشتمانیی و بانگەشە بەدژی نیزام دادگایی کرا و هەروەها پێشتر لە ١٥ی سەرماوەز ئەو چالاکە سیاسییە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناراستی بە مەبەستی شێواندنی بیروڕای گشتیی بانگهێشتی دادگا کرا و لەو بارەوە دادگایی بوو.
ناوبراو بەرپرسی ماڵپەڕی کرماشانپۆست و یەک لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە لە پاریزگای کرماشان و لە ساڵی ٩٢ی هەتاوی، بەرپرسی ستادی هەڵبژاردنەکانی حەسەن روحانی بوو.