شەوی ١٧ی بەفرانبار لە سالۆنی پەردیسی سینەما “بەهمەن” لە شاری سنە، یەکەمین حەوتووی فستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەمای کوردی لە ژێرناوی “سنەدژ” لە شاری سنە دوای حەوتەیەک تێکۆشان کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
ئەو فستیڤاڵە نێونەتەوەییە لە رۆژی سێشەممە ١٤ی بەفرانبار بە ئامادەبوونی سینەماکاران و کەسایەتییە هونەری و فەرهەنگییەکانی کوردستان بەرێوەچوو، لە ماوەی حەوتەیەک پتر لە ٢٦ کورتە فیلم و سێ فیلمی درێژ کە پێشتر لە میهڕەجانە بەناوبانگ و جیهانییەکان خەڵاتیان وەرگرتبوو، پێشاندران.
لە فستیڤاڵی نێونەتەوەیی “سنەدژ” فیلمی لە “سەهۆڵئاو”، بە دەرهێنەریی جەلال ساعدپەناهـ، “جانتای خوساو”، بە دەرهێنەریی ئەشکان ئەحمەدی، “پیاوێک کە لەبیری دەچیتەوە هەناسە بکێشێت”، بەرهەمی سامان حسێنپوور، “جێژوان” بە دەرهێنەریی ئەشکان ساعیدپەناهـ، “ناتەواوێک لەو ئەوپەڕی تەواوییدا” بەرهەمی ئازاد محەممەدی، “لانک”، فیلمی زانیار لوتفی، “پێگە” بەرهەمی ماشەڵڵا محەممەدی، “پەت” بە دەرهێنەری ئازەر مەنسووری، “دیکۆمنتی ٧٤” بەرهەمی ستار چەمنگوڵ، “ئاوێنە هەڵبزرکاوەکان” بە دەرهێنەریی سالم سەڵواتی و، “ماڵی سپی”، فیلمی ئەرەستوو مەفاخێری، “دۆزەخ” بەرهەمی بورهان ئەحمەدی و “کۆشکی مێروولەکان”، فیلمی تەوفیق ئەمانی، ١٤ بەرهەمی سینمایی سینەماکارانی رۆژهەڵاتی بوون کە لەو فستیڤاڵەدا پێشاندران.
لە باشووری کوردستانیش ١٢بەرهەمی کورت و سێ فیلمی درێژی سینەمایی بە ناوەکانی “بێکەس”، بەرهەمی کارزان قادر، شوێنێک بۆ یاریی، بەرهەمی شەوکەت ئەمینکورکی و بەری بەفربارین فیلمی هیشام زەمان خرانەڕوو.
لە کۆتایی ئەو رێورەسمەدا “شوان عەتووف” دەرهێنەر و ئەکتەری ناسراوی کورد خۆشحاڵی خۆی لەو فستیڤاڵە دەربڕی و بە بایەخەوە باسی سینەمای کوردستان بە گشتی و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد.
شایانی باسە چەند ساڵیکە سینەماکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی خەڵکی سێ شاری سنە و بانە و مەریوان، سەڕەڕای گیروگرفتی سیاسی و دەوڵەتی لە سەر رێیان ، پێشکەوتن و سەرکەوتنی باشیان بەدەست هێناوەو رەخنەگرانی سینەمایی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەگەر گوشار و لەمپەڕەکانی سەر ڕێی سینەماکارانی کورد کەم ببێتەوە و سینەمای کوردستان لە ئاستی جیهانیدا داهاتوودارە.