هەر چەند هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، کەلێن و دژایەتی نێوان باڵەکانی دەسەڵاتدار، بوونی هەبووە و ئەو ڕێژیمە هیچکات لە نێوخۆیدا بێ گێرە و کێشە نەبوە و وەک دەسەڵاتێکی یەکانگیر و یەکدەست نەیتوانیوە دەسەڵاتی خۆی بنوێنێ، بەوحاڵەش لە ساڵەکانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی و هەتا خومەینی وەک دامەزرێنەر و رێبەری کۆماری ئیسلامی لە ژیاندا مابوو، هیچکام لە باڵ و لایەنەکانی نێو دەسەڵات، نەیاندەتوانی بە ئاشکرا دژایەتی یەکتری بکەن و ململانییەکان زۆر زەق نەببوونەوە. ئەگەریش کیێشەیەک لە نێو باڵەکانی دەسەڵاتدا دەبوو؛ ئەوە خومەینی بوو کە بە حوکمێک کۆتایی بە کێشەکان دەهێنا. هەروەک چۆن لە مەجلیسی شەشەمدا خامنەییش بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکی ئەو کاتی مجلیس کە مەهدی کەرووبی بوو و ئێستا لەماڵی خۆیدا لە بەند دایە، پێشی بە هەموارکردنی یاسای چاپەمەنی لە مەجلیسدا گرت. ئەو نامەیە لە لایەن کەرووبییەوە بە “حوکمی حکوومەتی” یان هەمان “وێتۆ”ی ڕێبەر ناوزەد کراو و ئیدی بەشێوەی فەرمی رێبەری کۆماری ئیسلامی هەرچی بەدڵی نەبووبایە، سەرەڕای ویست و داوای کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەیتوانی حوکمی لەسەر بدا.
بەڵام ئێرانی ئێستا، ئێرانی سەردەمی خومەینی و بیست ساڵ لەمەوبەر نییە و تەنانەت ئێرانی ئێستا، ئێرانی سێ چوار ساڵ پێشیش نییەو خامنەیی لە هیچ بارێکەوە ناتوانێ بەر بە ناکۆییەکانی دامودەزگا حکومەتییەکان بگرێ و بە دەرکردنی، بە نێو حوکمێکی حکوومەتی ئاو بەو ئاورەدا بکاتەوە کە خەریکە کۆماری ئیسلامی لە تەواوییەتی خویدا دەسووتێنێ. چونکە خامنەیی لە ڕاستیدا بۆخۆی بەشێک لە ناکۆکییەکانە و سەرەداوی لایەنێکی بەهێزی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەدەستەوەیە. لە رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا باڵەکانی ئەو ڕێژیمە کەوتوونەتە نێو قەیرانگەلێکی چارەسەرنەکراو کە نەک هەر بە خامنەیی و روحانی و هیچکام لە دەمڕاستەکانی ئەو رێژیمە چارەسەر ناکرێ، بەڵکوو کێشە و گرفتی باڵەکانی دەسەڵات زیاتر دەکات و هەناوی کوماری ئیسلامی دەڕزێنێ.
هەر لە درێژەی ئەو قەیرانانە دایە کە ماوەیەکە کێشەی نێوان دەزگای بەناو دادیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی حەسەنی رووحانی و نوێنەرانی چاکسازییخوازیی مەجلیس گەیشتۆتە ئاستێکی بێوێنە و هەموو رۆژێ گوێبیستی لێدوانی رەخنەگرانەی تووندیی لاریجانی و کاربەدەستانی ئەو دەزگایە لە دژی دەوڵەت و وەڵامدانەوەی ڕووحانی و وەزیر و وەکیلەکانی دەبین. کیشەکە لە دوای قۆڵبەسکرانی بابەکی زەنجانی پاسداری پێشوو و تاجری بەندکراوی ئێستا کە زۆربەی کاربەدەستانی ڕیژیم پێوەندیی” ناسالم” و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئابوورییان لەگەڵی هەبووە دەستی پێکرد. بەڵام بە قسەکانی مەحموودی سادقی، نوێنەری تاران لە مەجلیس و پرسیار کردن لە سەرۆکی دەزگای قەزایی، لە پێوەندی لەگەڵ زیاتر لە ٦٠ ژومارە حیسابی بانکی بە ناوی سادقی لاریجانییەوە، تەقییەوە. ئەو نوێنەرەی مەجلیس راستەوخۆ هێمایەک پرسیاری لەسەر سادقی لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی دانا کە لەلایەن رێبەری ئەو ڕێژیمە، واتە خامەنیییەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەو یەک لە سێ دەزگا سەرەکییەکانی دەسەلات هەڵبژێردراوە.
هەرکام لە دەزگاکانی رێژێم یەکتر بە گەندەڵی و بەرتیل خواردن و سپیکردنەوەی پووڵ یان ئەوەی پێی دەڵێن “پووڵشوویی” تۆمەتبار دەکەن. بەڵام بوونی یەک هەزار میلیارد تمەن لە پووڵی بارمتەی قوڵبەسکراوان و ئەو کەسانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان تاوانبار کراون بە ناوی سادقی لاریجانییەوە لە بانکەکان و سوودی ساڵانەی ٢٥٠ میلیارد تمەن، کە کەم پووڵێک نییە کە بۆ لێخۆش بوون بێ! ئەوپەڕی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا نیشاندا. کام دەزگا لە کۆماری ئیسلامیدا دەبێ وەڵامدەری دەزگایەکی دیکە بێ!؟ کێ هەیە لێپرسینەوە بکات و کێ بەرپرسیارە؟! ئەوانە و زۆر پرسیاری دیکە بۆ خەڵکی بەشمەینەت و هەژاری وڵات، بەتایبەت لەو چەند ساڵەی دواییدا کە لەلایەک ڕادەی دزی و گەندەڵی حکوومەتی گەیشتوونەتە ئاستێکی هەزاران میلیاردی و سەیر و سەمەرە و لەلایەکی دیکەش بە کەڵک ورەگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکی لێی ئاگادار کراونەوە، بەتەواوی جێگە و پێگەی کۆماری ئیسلامی لەرزۆک کردووە.
دیارە دەزگای بەناو دادی کۆماری ئیسلامیش و دەوڵەتی روحانیش دەبێ وڵامدەر بن لە بەرانبەر لێپرسینەوە و لیپێچینەوەی راستەقینە و دەبێ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بزانن، جەنابی سادقی لاریجانی چی لەگەڵ ئەو پووڵە زۆرە کردوە.
بۆ بەناوی لاریجانی بووە و بۆ دەزگای دادوەری لە دەرەوەی بازنەی لێکۆڵینەوەی ماڵیی دایە.
خەڵکی ئێران مافی خۆیانە پرسیار لە دەسەڵاتداران و لە سەرەوەی هەموویانەوە لە خامنەیی بکەن چی بەسەر زیاتر لە ٨٠٠ هەزار میلیارد دوڵار کە لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد دا لە فرۆشی نەوت، دەست کۆماری ئیسلامی کەوت و دیار نەما!؟ چی لێهات یەک میلیارد و ٦٠٠ میلیون یۆرۆ کە چووە نێو حیسابی موجتەبا خامنەیی و کێ هەڵیلووشیی؟!
ئەوەی لەهەموو شتێک زەقترە و دیارە، ئەوەیە کە ئەو نیزامە گەندەلە هەتا دێ زیاتر لە زەلکاوی گەندەڵی و دزی و بەرتیل خۆریدا نوقم دەبێ و گەرانەوەی بۆ نییە. بێگومان کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بەتایبەت چین و توێژە هەژارەکان، ئەوانەی کە نانی سەر سفرەیان بە زەحمەت دەست دەکەوێ و لە ژێر هێڵی هەژاریدان، ئەو ژیانە مەرگەساتە قەبوول ناکەن و درەنگ یان زوو لە دەسەلاتی کۆماری گەندەڵی ئیسلامی هەڵدەگەڕێنەوە.