سەعید لەیلاز، کارناسی ئابووری، بە ئاماژەدان بە دۆخی نالەباری خانەنشینکراوەکان، سەبارەت بە ئەگەری داڕمانی ئەو وڵاتە هوشداری داو، لەو بارەوە وتی: کە کێشەی ئێران تەنیا و تەنیا ئەوە نیە حەشیمەتەکەی لە حاڵی پیر بوون دایە، یان خەڵکی ئەو وڵاتە بە بەراورد لە گەڵ خەڵکی وڵاتانی دیکە هەژارترن.
سەعید لەیلاز بە ڕادیۆ دەنگی فەرانسەی راگەیاند: کێشەی مەترسیدار بۆ سەر ئێران ئەوەیە کە هاوکات لە گەڵ پیربوونی جەماوەری ئەو وڵاتە، خەڵکەکەشی هەژارتر دەبن و ئەوەش گەورەترین مەترسیە بۆ سەر ئەو وڵاتە.
سەعید لەیلاز لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: خراپترین و ناڕەواترین نموونەی تێکەڵبوونی هەژاری و پیری لە ئێران، دەتوانین لە دۆخی سەندووقی خانەنشینکراوەکاندا ببینین.
ناوبرا وتی: “دەوڵەتەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا زۆر بە ئاسانی دەستیان گەیشتۆتە سەندووقی خانەنشینکراوەکان و، وەک سەرچاوەیەکی ماددی بەکاریان هێناوە، ئەوەش بە مانای نەبوونی دێموکراسی و دەستێوەردانی دەوڵەتەکانە لە ئابووری وڵات و شوێندانەریی نەرینی بەسەر ئابووری ئێران داناوە.
ناوبرا لەو بارەوە رایگەیاند: “خەڵکی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا باشترین هەل و دەرفەتیان لە دەست داوە بۆ پێشکەوتن و گەشاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەیان، لە کاتێکدا بە پێچەوانەی ئێستاکە هەم وڵاتەکەیان پارەدار بوو، هەمیش جەماوەری وڵات گەنجتر بوون، بەڵام دەوڵەتەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هیچکات گەڵاڵەو پلانی تۆکمەیان بۆ گەشەی ئابووری نەبووەو، رێگربوون لە گەشەی ئابووریی ئێران.
ناوبراو هەروەها یەکێک لە هۆکارەکانی ڕووخانی یەکیەتی سوڤیەتی پێشووی بۆ گرینگینەدان بە سەندووقی خانەنشینکراوەکان و هەژاربوونی خەڵک گەڕاندەوە و وتی: “لە ئێستاکەی ئێراندا نەتەنیا رێژەی خانەنشینکراوان لە بەراورد لەگەڵ رێژەی ئەوانەی لەسەر کارن، رۆژ بەدوای رۆژ لە هەڵکشان دایە، بەڵکوو زۆربەی هەرە زۆری سەندووقی خانەنشینکراوەکان مایەپووچ بوون و دەوڵەت توانای ئەوەی نیە ١٢٠ میلیار تمەن قەرزی خۆی بە سەندووقی خانەنشینکراوەکان بداتەوە.
شایانی باسە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە زۆربەی شارەکانی ئێران خانەنشینکراوەکان لەو بارەوە خۆپێشاندانیان کردوەو، نارەزایەتییان دەربڕیوە.