کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بۆ نارەزایەتی دەربڕین بە کردەوەکانی دەزگای قەزایی ئێران و، کەمتەرخەمیی و هەڵاواردنی ئەو دامودەزگایە لە هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ دۆسیەو پەروەندەی چالاکانی مەدەنی و سیاسی و جیابران لەو وڵاتەدا، کە بۆتە هۆی دووچاوەکیی و گەندەڵیی و نائەمنیی لە دەزگای قەزایی و تەنانەت لە کۆمەڵگاش، مادام کەسی یەکەم لەو دەزگایە لێی بەرپرسیارە خوازیاری وەلانان و دەست لەکار کێشانەوەی بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێرانن.
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییە، داوای لە خەڵکی ئێران کردووە بەتایبەتی لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی کە بە دروشمی “نا بۆ بەرپرسی قەزایی”، لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە بۆ دەست لەکار کێشانەوە یان لابردنی سادق لاریجانی لە دەزگای قەزایی ئێران هاودەنگ بن و پاڵپشتی لەو داواکارییە بکەن.
هەروەها لە بەشێکی دیکە لەو ڕاپۆرتەدا وێڕای خستنەڕووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و پێوەندیی راستەوخۆی ئەو کردەوانە لەگەڵ دەزگای قەزایی، کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ داوای لە نوێنەرانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی کردووە کە بە پێی ماددەی دەستووری ٧٦ی یاسای بنەڕەتی، ئەرکی خۆیان وەکوو چاوەدێری کردن بەسەر ئەو دەزگایەو هەروەها لێپێچینەوە کردن لە بەرپرسی قەزایی بەڕێوە ببەن.
دەقی ئەو بڵاوکراوەیە بە واژۆ کردنی شیرین عیبادی بەرپرسی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ١٥ی بەفرانبار بڵاوکراوەتەوە.