رۆژی ١٥ی بەفرانبار بەشێک لە ژینگەپارێزان و ئەندامانی گرووپی ژینگەپارێزیی ئاژوان لە ئاوایی ئەڵک، لە ناوچەی کامیاران بە ئامادەبوونییان لە بناری کێوی گڕگانشا، هەڵمەتی نەمام چاندنیان بەڕێوەبرد.
ئەوە چەندمین جارە ژینگەپارێزانی کامیارانی کە لە هەڵمەتێکی سروشتدۆستانە بە چاندنی نەمام یان دەنکە بەڕوو لە بناری شاخ و قەدپاڵەکانی ئەو ناوچەیە، لە هەوڵدان خەساری ئاگرکەوتنەوەکان قەرەبوو بکەنەوەو پەرە بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی بدەن.
شایانی باسە چەند ساڵێکە لاوان و هەڵسووڕاوانی ژینگەویست، لە شارەکانی کوردستان هەموو هەوڵی خۆیانیان وەگەڕخستووە کە ژینگەی وڵات بپارێزن و تەنانەت گەشە بە پەرەگرتنی سامانە سروشتییەکانی وەکوو نەمام و دارو دارستانەکان بدەن و، هەروەها ئاگادرکردنەوەی خەڵک و بنەماڵەکان سەبارەت بە هەڵسوکەت کردنی شیاو و دروست لە گەڵ ژینگەو سروشت، لە چالاکیی بەرچاوی ژینگەپارێزان بووە.
وەک لە هەوڵەکانی پێشووتر باس کرا ئەمساڵ لە دەسپێکی وەرزی سەرمادا، ژینگەپارێزانی شاری بۆکان و سنە و مەهاباد و شارەدێی نێی مەریوان، هەڵمەتی بەهاناوە چوونی باڵندەکانیان لە وەرزی سەرما بەڕیوەبرد و بە هەڵواسینی جێگەی دانەوێڵە لە نێو شارەکان و شوێنە گشتییەکان داوایان لە خەڵک کرد کە لە وەرزی زستان باڵندەکان لە بیر نەکەن.
شیاوی باسە کە ژینگەپارێزان لەو ئەوپەرێ بێ ئیمکاناتییەوە ئەرکی ناوەندە پێوەندیدارەکان کە لەو بارەوە کەمتەرخەمن بەڕێوە دەبەن و، تا ئێستاش چ وەکوو کردەوەی ژینگەپارێزانە و چ لە باری پەرەپێدان بە کلتوووری ژینگەپارێزی لە کوردستان سەرکەوتن و دەسکەوتی باشیان هەبووە.











