كه‌ماڵ ئه‌حمه‌دنەژاد، به‌ندكراوی سیاسیی كوردی مه‌حكووم به ئێعدام، سه‌باره‌ت به پێشێلكردنی مافی مرۆڤ له كوردستان نامه‌ی بۆ عاسمه جیهانگیر نارد.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ له كوردستان، ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه كورده سه‌باره‌ت به دانپێدانی زۆره‌ملێی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و داسه‌پاندنی حوكمی ئێعدام له نامه‌یه‌كی سه‌رئاواڵادا بۆ عاسمه جیهانگیر، ڕاپۆرتنێری تایبه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێشێلكردنی مافی مرۆڤ له ئێران و به‌تایبه‌ت له كوردستان ئاگادار كرده‌وه.
پێشتر چالاكانی سیاسیی كورد سه‌باره‌ت به تاوانباركردنی لاوانی گامێشگۆلی گوتبوویان كه له ژێر ئازار و ئه‌شكەنجه‌دا و دانپیانانی زۆره‌ملێ و هێنانە سه‌ر تەلەویزیۆن ته‌نیا به مه‌به‌ستی به‌لاڕێدا بردنی ڕای گشتی و پاکانە حیسابی ئیداره‌ی ئیتلاعات له‌گه‌ڵ چه‌ند بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م ئاوایه‌یه.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی پێشتر ڕایگه‌یاندبوو كه كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی به شێوه‌ی ناشیانه و بە وردكردنی كه‌سایه‌تیی تاوانبارانی مه‌حكوم به ئێعدام له پێش چاوی خه‌ڵك و به‌لاڕێدابردنی ڕای گشتی له كه‌موكۆڕییه‌كانی دادگاكانی كۆماری ئیسلامی و ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌م ڕێژیمه، پەنا بۆ هەموو شێوازێکی نامرۆیی و نایاسایی دەبەن .
كه‌ماڵ له سه‌ره‌تا نامه‌كه‌یدا بۆ عاسمه جیهانگیر ده‌نووسێ: “ڕۆژی ٣ی به‌فرانباری ساڵی ٩٣ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری میاندواو ده‌سبه‌سه‌ر كرام و بێ ئه‌وه‌ی كه بزانم له‌سه‌ر چ گیراوم ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێر له ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا بووم و پاشان له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات په‌روه‌نده‌ی كوشتنی كه‌سێكیان له‌سه‌ر من ساخ كرده‌وه و بۆ گرتنگه‌ی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترامه‌وه. ماوه‌ی ٦ مانگ له ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دا بووم، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه ٥ كه‌سی دیكه‌شیان له‌و ئاواییه هه‌ر به‌م تۆمه‌ته ده‌سبه‌سه‌ر كردوه.
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌دا هاتووه، ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژێ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌كان توندتر ده‌بوو و له مست و پێلاقه گوزه‌رابوو, هه‌ڵیانده‌واسیم به قامچی و كابڵ لێیان ده‌دام، جنێوی سووكیان ده‌دا و بێڕیزیان به بنه‌ماڵه‌كه‌م ده‌كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌كردم كه هاوسه‌ره‌كه‌ت دێنینه ئیتلاعات، ئه‌وه‌نده‌یان فشار بۆ هێنام له ترسان دانم به تاوانێكدانا كه نه‌مكردبوو و پاشان له تەلەویزیۆنی پرێس‌تی‌ڤی بڵاوكرایه‌وه.
هه‌روه‌ها له درێژه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌دا هاتووه كه پێشتر ده‌قی وتووێژی من له‌گه‌ڵ پرێس تی.ڤی نووسرابوو و ٢ ڕۆژ پێشتر پێیاندام كه ده‌بێ هه‌مووی له‌به‌ر بكه‌م به ناچار ئه‌وه‌ی بۆیان نووسیبووم ده‌قاوده‌ق منیش گوتمه‌وه و پاشان بڵاوكرایه‌وه.
له كاتی دادگایی كردنم له لقی یه‌كی دادگای میاندواو ئیزنیان پێنه‌دام نه قسه بكه‌م و نه شاهیده‌كانیشم بێنه ژوورێ و ته‌نیا بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات قه‌بووڵ كرا.
له كۆتایی نامه‌كه‌دا هاتووه كه من بێ‌تاوانم و داوا له عاسمه جیهانگیر، ڕاپۆرتنێری تایبه‌تی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له كاروباری ئێران، چاودێرانی مافی مرۆڤ، ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی و چالاكانی مافی مرۆڤ ده‌كه‌م، ئاوڕێك له پێشێلكردنی مافی مرۆڤ له ئێران بده‌نه‌وه و نه‌هێڵن كه‌سانی وه‌ك من ببنه قوربانیی سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران.











