مانگرتنی حه‌سەن ڕه‌ستگاری‌مه‌جد به به‌ڵێنیی كاربه‌ده‌ستانی قه‌زایی و مانگرتنی شه‌هلا مینایی له‌سه‌ر داوای دایكی كۆتایی پێهات.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ له كوردستان، ڕۆژی ڕابردوو حه‌سه‌ن ڕه‌ستگاری‌مه‌جد به‌ندكراوی سیاسیی كورد له زیندانی ناوه‌ندیی ورمێ، له ٣٢مین ڕۆژی خۆیدا له‌سه‌ر به‌ڵێنی پێدانی كاربه‌ده‌ستانی قه‌زایی كۆتایی پێهات و له ژووری تاکەکەسییەوە بۆ به‌ندی زیندان گواسترایه‌وه.
پاشایی، قازیی چاودێری زیندان سه‌ردانی ژووری ناوبراوی كردبوو كه به نوێنه‌رایه‌تیی دادستان به‌ڵێنی داوه كه بە داواكارییه‌كانی ناوبراو و په‌روه‌نده‌كه‌ی ڕابگه‌ن. ناوبراو گوتبووی په‌روه‌نده‌كه‌ی ئێستا له‌به‌ر ده‌ستی دادستان دایه و دادشتانیش ئه‌وه ده‌زانێ كه زوڵمیان لێكردووی. پاش كۆتایی مانگرتنەکەی، ناوبراو بۆ بنکەی تەندروستیی زیندان گواستراوه‌ته‌وه و چاوی به بنه‌ماڵه‌كه‌شی كه‌وتووه.
ڕه‌ستگاری سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی حقووقیی خۆی مانی له خواردن كرد و نامه‌یه‌كی بۆ كاربه‌ده‌ستانی زیندان و هه‌روه‌ها كۆنسولگه‌ریی توركیه له ورمێ نارد.
حه‌سه‌ن ڕه‌ستگاری‌مه‌جد، ته‌مه‌ن ٤٣ ساڵ، كوڕی سوڵتان، ٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی‌٩٣ پاش كۆبوونه‌وه‌ی پشتیوانیكردن له كۆبانی له شاری ورمێ ده‌سبه‌سه‌ر كرا و به تۆمه‌تگه‌لی هاوكاریی حیزبه كوردییه‌كانی به‌رهه‌ڵسكاری كۆماری ئیسلامی، ناسنامه‌ی ساخته‌یی، شێواندنی نه‌زمی گشتی و سنووربه‌زاندنی ناقانوونی، حوكمی ٢٥ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پاوه.
سۆهه‌یلا مینایی به‌ندكراوی سیاسیی كورد له زیندانی كرمان پاش ٦ ڕۆژ له‌سه‌ر داواكاریی دایكی كۆتایی به مانگرتنه‌كه‌ی هێنا.
ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه خه‌ڵكی شاری دیوانده‌ره‌یه و به‌هۆی بێڕێزی كردن و لێدانی مه‌ئموورانی زیندان مانی له خواردن گرتبوو. ئه‌م كچه ٢٧ ساڵه‌یه، له ڕۆژی ١١ی ئه‌م مانگه‌وه ده‌ستی به مانگرتن كردبوو.
سۆهه‌یلا مینایی له ڕۆژی ١٩ی گه‌لاوێژی ساڵی ٩٤، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتلاعات به تۆمه‌تی هاوكاریكردنی یه‌كێك له حیزبه كوردییه‌كانی نه‌یاری ڕێژیم ده‌سبه‌سه‌ركرا و ماوه‌ی ٦ مانگ له گرتنگه‌ی ئیتلاعات چاره‌نووسی ناڕوون بوو و پاشان له‌لایه‌ن دادگای شۆڕش له شاری دیوانده‌ره حوكمی‌٣ ساڵ زیندان و دوورخرانه‌وه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پا.











