ئەفسانەی بایزیدی چالاکی خوێندکاری و بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە زیندانی کرمان ڕاگیراوە رووبەرووی میدیا و ڕاگەیاندنە فارسیەکان نامەیەکی پراوپر لە رەخنەو گازندەی بڵاوکردەوە.
لەو نامەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی زیندانیانی مانگرتوو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە خەمساردی و هەڵاواردن لە ڕووماڵکردنی هەواڵی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ڕاگەیاندنە فارسییەکان، رەخنەی لێانگرتووەو لە بەشێک لە نامەکەیدا هاتووە: “من وەکوو کچە کوردێکی بەندکراو ئاگادارم کە چەند کەس لە زیندانیانی سیاسی لە ئێران بۆ دەستبەرکردنی مافەکانیان دەستیان داوەتە مانگرتن و لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیراون، من وەکوو خۆم کە ئازاری زیندان و مانگرتنم چێشتووە لە دۆخی ئەوان تێدەگەم. بەرپرسانی قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئیران لەو بارەوە تاوانبارن و ئەرکە لەسەر راگەیاندنەکان کە دەنگی کپکراوی زیندانیانی سیاسی بڵاوبکەنەوە کە بەداخەوە میدیا فارسییەکان لەم بارەوە بە هەڵاواردنەوە باسی بەندکراوانی سیاسیی کورد ناکەن و گرینگیان پێنادەن”.
ئەفسانەی بایزیدی لە دریژەی نامەکەیدا بە رەخنەگرتن لە شێوەی بڵاوکردنەوە و باس کردنی ئۆپۆزسیونە کوردییەکان، بە ڕاشکاوی روو بە میدیا فارسییەکان دەڵێ: “ڕێکخراوە رۆژهەڵاتییەکان تیرۆریست نین و بەڵکوو کوڕ و کچانی خەڵکی کوردستانن کە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان خەبات دەکەن”.
ناوبرا لە بەشێکی دیکە لە نامەکەیدا نووسیویەتی من وەکوو بەندکراوێکی کورد هیچ جیاوازییەک لەنێوان زیندانیانی کورد و غەیرە کورد دانانێم، بەڵام بەئاشکرا دەبینین کە بەشیکی زۆر لە میدیا بەناوبانگە فارسییەکان بە کزی و کەموکوڕییەوە باسی دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی کورد دەکەن و زۆر جاریش هەر باسیان ناکرێ.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەفسانەی بایزیدی خەڵکی شاری بۆکان بە تۆمەتی هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و چەند تۆمەتێکی دیکە لە ساڵی ٩٥ لە لایەن دادگای ئینقلاب لە شاری مەهاباد بە ٤ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی کرمان سزا درا.











