بە پێی ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە، عەلی ئەکبەر وێلایەتی ڕاوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە، هێزەکانی حیزبوڵڵا دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی سووریە ناکشێنەوەو دەنگۆی چوونەوە دەرەوەی ئەو هێزە لە خاکی سووریەش دوورە لە راستی و هەڵویستی کۆماری ئیسلامیش سەبارەت بە سووریە هیچ گۆرانێکی بەسەردا نەهاتووە.
عەلی ئەکبەر وێلایەتی سەر بە باڵی بناژۆخواز و نزیک بە بەیتی رێبەری، لە دەسپێکی شەڕ و ئاژاوەی سووریەدا، بە ڕاشکاوی لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد وەکوو هاوپەیمانێکی ناوچەیی پشتیوانی کردوە.
لە تازەترین هەڵوێستی لەو بارەوە گوتی: “داهاتووی سووریە لە دەستی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی دایە و، حیزبوڵلا دۆستی دەوڵەتی سووریەو، نابێ لەو وڵاتە بچێتە دەرەوە”.
قسەکانی وێلایەتی لە کاتێک دایە کە سپای ئازادیی سووریە لە ١٤ی بەفرانبار رایگەیاند کە ١٣ رێکخراو رێککەوتنی ئاگربەستیان واژۆ کردووەو خۆیان بۆ کۆنفراسی مانگی داهاتوو ئامادە دەکەن و دەبێ هەموو هێزەکانی دیکە خاکی سووریە چۆڵ بکەن.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوی سپای ئازادیی سووریەدا هاتووە، دەبێ لە زووترین کاتدا میلیشیاکانی فێرقەگەرا و ئاژاوەگێران کە دەستی دەرەکییان لە پشتەو لە لایەن وڵاتانێکی دیکەوە پشتیوانیان لێوەدەکرێ وەکوو هێزەکانی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و حزبوڵڵای لوبنان دەبێ لە خاکی سووریە بچنە دەرەوە.
شایانی باسە، ملیشیاکانی کۆماری ئیسلامی ئیران سەرەتا بە ناوی کارناسی نیزامی و خزمەتکردن بە خەڵکی سووریە، خزانە نێو سووریەوە کە لە درێژەی شەڕی سووریەدا بە پاڵپشتی کردن لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد، دەستیان دایە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و کاولکردنی ئەو وڵاتە.
“عەبدولناسر عاید” توێژەری نیزامی رایگەیاند، رێککەوتنی ئاگربەست لە سووریە بێگومان دەبیتە هۆی کشانەوەی میلیشیاکانی بێگانە لە سووریە و لەناوچوونی ئەو چەکدارانە، بەڵام ئەوەش ئاسان نیە چونکە کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی و بەڕێوەبردنی پیلانەکانی پێویستی بە بشێوی و کێشەنانەوەیە لە سووریە و گونجاوترین رێگەچارە نەمانی دەوڵەتی بەشار ئەسەدە.
شیاوی گوتنە، کۆماری ئیسلامی لە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە سووریە کە لەسەر دەستی رووسیەو تورکیە هاتۆتە ئاراوە تووڕەیەو، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە میلیشیاکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لەو پیوەندییەدا خەریکی ئاژاوەنانەوەن.