بەهۆی تیرۆریزم و توندوتیژی لە ساڵی ٢٠١٦ دا، نزیک بە 7 هەزار کەس لە عێراق کوژراون.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی تیرۆریزم و کردەوە تیرۆرستییەکان لە عێراق بەلانی کەم ٦،٨٧٨ کەسی مەدەنی کوژراون و ١٢،٣٨٨ کەسیش بریندار بوون.
بەڵام ژمارەی قوربانییەکان ڕەنگە لەوەش زیاتربێ، چونکە ئەم ژمارەیە بریتی نییە لەو خەڵکە ئاساییەی کە لە میانەی مانگەکانی ٥،٧،٨ و ١٢ دا لە پارێزگای ئەنبار هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای عێراق کوژراون یان بریندار بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند زیانی گیانی خەڵکی مەدەنی لە مانگی ١٢دا کەمترە بە بەراورد لەگەڵ مانگەکانی پێشووتر، سەرەڕای ئەوەیکە تەقینەوەی تیرۆریستی کە خەڵکی سڤیلی کردبووە ئامانج، لە کۆتایی مانگەکەدا زیادی کردبوو.
جۆن کوبیس نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق دەڵێ: “هیچ گومان لەوەدا نییە داعش هەوڵ دەدا سەرنج لەسەر شکستەکانی لە شاری موسڵ لابدا، و بەداخەوە خەڵکی سڤیل دەبێ باجەکەی بدەن.”
بە پێی ڕاپۆرتی UNAMI لە ساڵی ٢٠١٥ لە عێراق ٧،٥١٢ کەسی مەدەنی کوژراون.