خەڵکی شاری سنە بۆ رێزلێنان و پێزانین لە بنەماڵەی پوویا ئەبولقاسمی کە چەند رۆژ لەمەوپێش بە لێبوردوویی لە بکوژی کوڕەکەیان خۆش بوون و لە ئێعدام رزگاریان کرد، لەسەر پیشنیار و بانگەوازی چالاکانی مەدەنی و ئەدەبی شاری سنە خەڵکێکی زۆر لەسەر گڵکۆی پوویا ئەبولقاسمی کۆبوونەوە و بە گوڵباران کردنی مەزاری ناوبراو رێزیان لەو بنەماڵە گرت.
رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، خەڵکی شاری سنە، لە هەڵمەتێکی مرۆڤدۆستانە لە گەڵ بنەماڵەیەک کە کوڕەکەیان لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکی چەند ساڵ لەمەوبەر دەکوژرێ و دوایی لە پای سێدارە بکوژی رۆڵەکەیان دەبەخشن، هەڵویستی بنەماڵەی ئەبولقاسمییان بەرزنرخاند و گڵکۆی کوڕی کوژراویان گوڵباران کرد و لە گەڵ ئەو بنەماڵە هاوخەمییان دەربڕی.
شایانی باسە چەند رۆژ لەمەوپێش بە هەوڵ و هیممەتی چالاکانی مەدەنی و ئەدەبی و هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی و چەندین کەسایەتی دیکە توانییان لاویکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە ئێعدام رزگار بکەن و رۆحی لێبوردوویی پەرە پێبدەن.
چەند ساڵیکە بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان دەستیان داوەتە کاری هاوشێوەو بەجۆرێک پێشیان لە بەڕێوەچوونی سزای ئێعدام گرتووە.
هەروەها بە پێی هەواڵدەریی هیرانا خەڵکی شاری رەوانسەر لە پارێزگای کرماشان بە کۆبوونەوە لە بەر دەرکی ماڵی بنەماڵەیەک توانییان بە تکاکاری پێش لە بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامێکی دیکە بگرن و ئەو بنەماڵە بکوژی کوڕەکەیان قەساس نەکەن.
شیاوی باسە بەڕێوەبەرانی کەمپەینی “بەخشین” کە لە شاری سنە دامەزراوە، بە پاڵپشتی خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان تائێستا کۆمەڵێک چالاکیی مرۆڤدۆستانەی بەڕێوە بردوە.











