ژینگەپارێزانی کوردستان لە هەمبەر لەناوبردن و بڕینەوە دارستانەکانی ناوچەی “ناودار”ی گێڵانغەرب نارەزایەتییان دەربڕی و رەخنەیان لە ناوەندە پێوەندیدارەکان گرت.
بە پێی ڕاپۆرتی ژینگەوان، بۆ جاری سێیەم بڕینەوەو لەناوبردنی بێشەڵانەکانی ناوچەی ناوداری گێڵانغەرب، بەئەنقەست و بە بیانووی سازکردنی جاددە لە لایەن حکومەتەوە دەستی پێکردووە.
لە دوای لەناوبردنی پتر لە ٣٠ هیکتار لە بێشەڵان و دارستانی ئەو ناوچەیە بە دەستی کەسانێکی بەرژەوەندیخواز و بە پاڵشتی دەوڵەت، بۆ جارێکی دیکە بە بیانووی سازکردنی جاددەیەک بەرەو بەنداوی سۆمار، بەشێکی زۆر لە جەنگەڵ و دارستانەکانی گێڵانغەرب بڕاوەتەوە.
ژینگەپارێزانی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی ئەو خەسارە ژینگەییە، داواکارن کە خەڵک بە خۆپێشاندان و نارەزایەتی دەربڕین گوشار بخەنەسەر کاربەدەستانی رێژیم هەتا زیاتر لەوە خەسار بە سامانە سروشتیەکان نەگەیەنن و خۆیان بە بەرپرسیار زانن.
هەر لەپێوەندی لەگەڵ چالاکیی ژینگەپارێزی لە دەسپێکی وەرزی سەرمادا، لە چەند شاری کوردستان هەڵمەتی بە هاناوە چوونی باڵندەکان بەڕیوەچوو و بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان ئەو هەڵمەتە ژینگەپارییە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان درێژەی هەیە و ژینگەدۆستان بە سازکردن و هەڵواسینی جێدان و بڵاڤۆک له ناو شارەکان به مەبەستی دابین کردنی خۆراکی هەندێک له پەلەوەرەکان و هەروەها بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ ئەم لایەنه، وەک فەرهەنگسازییەک چالاکییەکانی نواندووە.
ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی وڵات لە شاری بۆکان لە هەڵمەتی بەهاناوەچوونی باڵندەکان لە وەرزی سەرمادا، بە هەڵواسینی جێ دانەوێڵە داوای لە سەرجەم دانیشتووانی شاری بۆکان کردووە کە به هەر شێوەیەک بۆیان دەگونجێ ئەم جێدانانه پڕ بکەنەوە یان له سەربان و حەوشەی ماڵی خۆیان دانەوێڵه بۆ ئەم پەلەوەرانه دا بکەن یان پاشماوەی خواردنی خۆیان که بۆ ئاژەڵان و پەلەوەران به کار دێت له بەر دەرگا دانێن.
شایانی باسە لە شارەکانی مەهاباد، مەریوان، شارەدێی نێ، سنە و پیرانشار هەڵمەتی هاوشێوە بەرێوەچووە.











