ناوەندی دێمۆکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی ناوەندە نێونەتەوەییەکان و خستنەڕووی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە گشتیی و بەتایبەتی لە کوردستان لەو بارەوە ڕاپۆرتێکی لە یەک مانگی ڕابردوو بڵاوکردەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا وێڕای ئاماژە پێدان بە دۆخی مافی مرۆڤ لە یەک مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێک زانیاریی خستۆتە بەرباس و ڕایشگەیاندوە کە بە هۆی شاراوەبوون و دەسبەسەرداگرتنی ناوەندە ئەمنییەکان، لەسەر رێژەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران زانیاریی پۆخت لەو بارەوە لە بەردەستدا نیە.
لە ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی ومافی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە کە لە یەک مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ٤٧ هاووڵاتیی کورد لە گەڵ زیندان و هەڕەشە رووبەروو بوونەتەوەو یان لە بەندیخانەکان لە دۆخێکی نالاباردا ڕاگیراون.
هەروەها زیاتر لە ٢٠ کەس حوکمی ئیعدام یان بڕینەوەی ئەندامی جەستەیان بەسەردا سەپاوە و هەروەها لە یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٧ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی کوژراو یان بریندار کراون.
لە درێژەی ڕاپۆرتی یەک مانگەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کە ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە باسی لە سێ کارمەندو مامۆستای زانکۆ کردووە کە بە هۆکاری سیاسی و جیابیری لە سەرکار دەرکراون یان لەگەڵ هەڕەشە و دەسبەسەرکردن رووبەروو بۆنەتەوە.
هەروەها لە بەشەکانی دیکەی ئەو ڕاپۆرتە دوورودرێژە بە وەبیرهێنانەوەی چەندین رووداوی تەقینەوە مین و هۆکاری خۆکوژییەکان لە شارەکانی کوردستان کۆمەلێک زانیاریی لەو بارەوە باس کردووە و لە بەشەکانی دیکەش باسی لە هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسان و کاربەدەستانی رێژیمی تاران کردووە کە بە شێوەی جۆاروجۆر مافی شارۆمەندی و تاکەکەسیییان پێشێل کردووە.
ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە هەوڵ دایە بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی هاوچەشن سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان، ناوەندە جیهانییەکان زیاتر ئاگادار بکاتەوە و ببێتە هۆی گوشاری زیاتر بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کە دان بە بنەماکانی دێموکراسی ومافی مرۆڤ لە ئێراندا بنێ و لە پەسەنکراوەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ پێڕەوی بکا.











