حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە درێژایی مێژووی دەستەڵاتداریی خۆی لە ئێران نیشانی داوە کە بۆ لەنێو بردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی خۆی لە هیچ کارێکی نائینسانی کۆتایی ناکات و لە تەواوی ئامرازەکان و یەک لەوان تیرۆر کەڵک وەردەگرێ. هەر لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧وه یەکێک لە هەوەڵین کارەکانی حکوومەتی تازەپێکهاتووی ئێران، سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ساواک لە جلوبەرگی تازەی ساواما، هەروەها پێکهێنانی هێزی تیرۆر لە دەرەوەی وڵات و بە تایبەتی کەڵک وەرگرتن لە تێرۆریستە غهیره ئێرانییەکان بووە. لەم رەوتەدا ئێران توانی زۆر بە باشی بە تایبەتی لە عەرەبەکانی لوبنان و فلستین کەڵک وەربگرێ. بەڵام لە باشووری کوردستانیش بە پێی پێگە و نفووزی خۆی لەوانەی کەڵک وەرگرتووە کە خزمەت بە نەیارانی نەتەوەکەی خۆیان دەکەن. تیرۆری سەدان کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە کوردستانی ئازادکراو نموونەیەکی بەرچاو لەم هەوڵانهی حکوومەتی ئیسڵامیی ئێرانە. تا ئەم دواییانە و هەتا پیلانی سەرنەکەوتووی تیرۆری تێکۆشەری کورد رەزا کەعبی و پووچەڵبوونەوەی تەقاندنەوەی بارگای کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبە کوردستانییەکانی رۆژهەڵات تووشی رووداوی تیرۆریستی نهبووبوون ، بە تایبەتی پاش دادگای میکۆنۆس و تاوانبار ناساندنی حکوومەتی ئێران، تیرۆرهکان و ماشێنی تیرۆری کۆماری ئیسلامی وەکو جاران لە کاردا نهبوو و، ئاوا دێتە بەرچاو کە تا رادەیەکیش لە روانگەی ئەمنییەتییەوە کەمتر هاوکاری یهکتریان کردبێ. کەم نەبوون ئەوانەی کە کۆمەڵکوژیی موجاهیدینی خەڵکیان لە لایبێرتی وەکو زەنگێکی مەترسیدار بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە کرد، بەڵام بەشێک پێیان وابوو باشووری کوردستان جێاوازی لەگەڵ بەشی عەرەبی هەیە و رادەی ئەم مەترسییه لە ئاستێکی نزم دایە. لە لایەکی دیکەشەوە مێژووی دەستەڵاتداریی مەڵاکانی ئێران نیشانی داوە ئەگەر کاربەدەستانی ئێران بە هۆی جۆراوجۆر پاشەکشەیەکی کاتیشیان لە سیاسەتی تیرۆری رۆشنبیران و ئازادیخوازانی ئێرانی و بە تایبەتی کورد کردبێ، قەت لە جەوهەری سیاسەتی تیرۆر و گرتن و لە بەندیخانە خستن و هتد پاشگەز نەبوونەتەوە و تەنیا بە پێی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و جیهان شیوەی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی خۆیان گۆڕیوە. رەوتی ناردنەوەی بەشێک لە پێشمەرگەکان لا لایهن دیموکراتهکانهوه بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و پرۆپاگەندەی میدیایی و هتد، بۆ حکوومەتی ئیسڵامی ئەمرێکی نهخوازیار بووە و هەرەشە و گورەشەی فەرماندەکانی سپای پاسداران و میدیاکانی ئێران لێ کەوتۆتەوە. ئەم پیشاندەری ئەم راستییەیە کە حکوومەتی ئیسڵامی ترسی لە هێزەکانی کوردی رۆژهەڵات هەیە کە لە باشووری کوردستان جێگیر بوون. کارەساتی شەوی یەڵدا و شەهیدبوونی پێشمەرگەکانی حدک و دوو کارمەندی ئاسایش، گرتن و کوشتنی خەباتکارانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هتد تەنیا نیشاندەری ئەم راستییەیە کە بوونی حکوومەتی ئیسڵامیی ئێران کۆسپێکی گەورە بۆ گەیشتنی کوردی رۆژهەڵات بە ئامانجە نەتەوەییەکانیهتی. لەم رەوتەدا پێویستە حیزبەکان و کەسایەتییەکانی رۆژهەڵات بە دوور لە پاوانخوازی بەرەیەکی هاوبەش دژ بە حکوومەتی ئیسڵامی ئێران پێک بێنن تا بتوانن ئەرکی مێژوویی خۆیان باشتر بە جێ بهێنن.