مامۆستایەکی فیداکار لە گوندی سەرابلەی سەربە شارەدێی ناودەروەنی کرماشان ئازایانە ٢٥ منداڵی لە دەستی ئاگر ڕزگار کرد.
رەعنا گەرمسیری ژنە مامۆستای قوتابخانەی وەحدەت لە گوندی سەرابلە دوای ئەوەی سۆبەی نەوتییەکەی قوتابخانە ئاگر دەگرێ، بوێرانە یەکبەیەک ٢٥ منداڵی پۆلە جیاجیاکانی ئەو قوتابخانە لە شەڵاڵی ئاگر رزگار دەکا و بە کەپسوولی ئاگر کوژێنەوە دوای نێو کاتژمیر، ئاگرەکەش دادەمرکێنێ.
رەعنا گەرمسیری لەوبارەوە دەڵێ رزگارکردنی منداڵان لە کاتێکدا سۆبە نەوتییەکە لەبەر دەرکی کلاسەکە بوو کارێکی ئاستەم بوو کە بە خۆشیەوە هیچ مناڵێک زیانی وەبەرنەکەوت. ئەگەرچی زۆرجار بەرپرسانم سەبارەت بە نەبوونی ئیمکاناتی پێویست ئاگادارکردۆتەوە، بەڵام تا ئیستاش وڵامیان نەداوەتەوە.
شایانی باسە زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانەکان و شوێنی وانەگوتنەوەکان لە شارەکانی کوردستان بەتایبەت لە گوندەکان ناستاندار و مەترسیدارن، بەتایبەتی لە وەرزی سەرمادا، گەرمکردنی قوتابخانەکان بە هۆی نەبوونی سیستمی گەرمایی، ئەگەری دووبارە بوونی کارەساتی هاوشێوەی قوتابخانەی شیناوێ هەیە.
شایانی باسە گوندی سەرابلە لە ١٥ کیلۆمیتری شاری کرماشان هەڵکەوتووە، کە لەباری پێداویستی و پێراگەیشتن زۆر هەژارەو هەر ئەوەش بۆتە هۆی کۆچکردنی خەڵک بۆ کرماشان و لە ئێستادا ٢٥ قوتابی و یەک مامۆستای هەیە.











