بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری کرماشان چەند مانگێکە گوشاری شارەوانیی ئەو شارە بە سەر دەسفرۆشان و خاوەن دەکەکان زیاتر بووە، هەر ئەوەش داخرانی دەکەکان و بێکاری خەڵکی بێ دەرتانی ئەو شارەی لێکەتووتەوە.
لە لایەکی دیکەش ململانێی کاربەدەستانی شارەداری لەگەڵ شووڕای شار و گۆڕینی پەیتاپەیتای بەرپرسانی ئەو شارە لە سەر بازار و کارو کاسبی خەڵک کاریگەریی خراپی داناوەو رۆژ بە دوای رۆژ رێژەی بێکاری لەو گەورە شارە لە هەڵکشان دایە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئینتیزامییەکانی ئەو شارە لە حەتووی ڕابردوودا لە حاڵەتی ئامادەباشدا بوون کە بە هاوکاری شارەداریی هێرش دەکەنە سەر دەسفرۆشەکانی سەر شەقام و کەلوپەلی ئەو چینە هەژارە تاڵان دەکەن.
هێرش کردن و سووکایەتی کردن بە دەسفرۆشان چەندین رووداوی لێکەوتووتەوە، مانگێک لەمەوبەر لە شاری ورمێ سوکایەتی کردن و لێدانی کاربەدەستێکی شارەداری لە لاوێکی دەسفرۆش، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەتەوەو و شارەداری ئەو شارەی ناچار کرد دان بە پێشێلکردنی مافی شارۆمەندی بهێنی و داوای لێبوردن بکا.
شایانی باسە لە گەورەشارەکانی کرماشان و ورمێ و سنە خەڵکێکی زۆر بە هۆی نەبوونی کار و پیشەی دیکە بە ناچاری روو دەکەنە دەستفرۆشی وەک تاقە رێگایەک بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان.
هەروەها کە لە هەواڵەکانی پێشووتریش باس کرا، چەند مانگێکە شارەدارییەکان بە هاوکاریی هێزە ئینتیزامییەکان بە بیانووی جۆراجۆر هێرش دەکەن سەر دەسفرۆشەکان و وێڕای سووکایەتی و بێرێزی کردن کەلوپەلەکانیان تاڵان.
شایانی باسە بێکاریی سەرچاوەی سەرەکیی تووشبوونی لاوان بە ماددە هۆشبەرەکان و دەیان کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی دیکەیە لە شارەکانی کوردستان.











