بە پێی هەواڵی بڵاوکراو لە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، رۆژی ٩ی بەفرانبار، کەسێک بە ناوی “عەبباس.ع” خەڵکی گوندی بەکراوا لە دەڤەری لەیلاخ لە رێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
کەسێکی نزیک بە ناوبراو بە هەواڵدەریی موکریانی ڕاگەیاند بوو کە “عەبباس .ع” لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ لە رووداوی هاتوچۆ دەبێتە هۆی کوشتنی ژنێک و، بە پێدانی “دیە” مەحکووم دەبێ و چونکە توانای دانەوەی دیەکەی نەبووە، پەنا بۆ خۆکوژی دەبا.
لە هەواڵێکی دیکەدا، چەند رۆژ لەمەوپێش بە خۆکوژی کردنی کچێکی سەقزی لە ماوەی ئەمساڵ تا ئێستا ١٦ کەس لە شاری سەقز لە رێگەی خۆکوژییەوە گیانیان لەدەست داوە.
هەرئەمەش بوو بەهۆی ئەوە کە قایمقامی شاری سەقز داوا لە کارناسانی رەوانناسی و کۆمەڵناسانی پارێزگای سنە بکا کە بە شێوەی کارگرووپ، لە ڕیگاکانی پێشگرتن لە پەرەسەندنی خۆکوژییەکان بکۆڵنەوە.
بە گوتەی کارناسان، خۆکوژیی شەڕێکی سیستماتیکی تاک لە گەڵ خۆیەو لە گەڵ کۆمەڵگا، کە ئەم شەڕە تاکەکەسییە لە شارەکانی کوردستان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەچێ و، پێویستی بە کۆنترۆڵ کردن و داڕشتنی گەڵالەی تایبەتە.
کیشەی کۆمەلایەتی و ئابووری و بێهێوایی بە داهاتوو، لە سەرەکییترین هۆکاری خۆکوژییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستانن.











