بە هەوڵ و هیمەتی چالاکانی مەدەنی لە شاری سنە، سەرەلەبەیانی رۆژی ١٢ی بەفرانبار، بنەماڵەی ئەبولقاسمی لە بکوژی کوڕەکەیان خۆشبوون و لە سێدارە رزگاریان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری سنە لە کاتێک کە حوکمی قەساسی هێمن هەروامینەژاد کە چەند ساڵ لەمەوپێش لە شەڕو تێکهەڵچوونێکدا کوڕێکی هاوتەمەنی خۆی لە تەمەنی ١٧ساڵان دەکوژێ، بە نێوبژیوانی کردنی چالاکانی مەدەنی لە شاری سنە بنەماڵەی ئەبولقاسمی لێیخۆش دەبن و دەیبەخشن.
لە چەند مانگ لەمەوبەر کە هەواڵی ئەگەری جێبەجی کردنی حوکمی ئێعدامی هێمن هەوارمینەژاد بڵاوکرایەوە، چالاکانی مافی مروڤ و چالاکانی مەدەنی شاری سنە هەموو هەوڵ و توانای خۆیانیان وەگەڕ خست هەتا بتوانن بنەماڵەی ئوبولقاسمی رازی بکەن کە ئەو تازەلاوە ببەخشن و قەساس نەکرێ.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ، شەوی ڕابردوو خەڵکێکی زۆر بە ئامادەبوونیان لە مزگەوتی حەسەنئاوای سنە بوون بە تکاکار بۆ ئەوەی ئەو بنەماڵە لە خوێنی کوڕەکەیان خۆش بن، سەرەنجام ئەو هەوڵ و ماندووبوونە بوو بە هۆی ئەوە کە هێمن هەورامینەژاد لە پای داری ئێعدام گەڕایەوە بۆ دواێنی ژیان.
شایانی بەسە پارەکەش چالاکانی مەدەنی دیسانەکە توانییان پێش لە بەرێوەچوونی حوکمی ئێعدام بگرن و بنەماڵەیکی دیکە بکوژی کوڕەکەیان بەخشی و خەڵكێکی زۆر گڵکۆی کوڕی ئەو بنەماڵەیان گوڵباران کرد.
جێی ئاماژەیە بەشێکی بەرچاو لە نووسەران و چالاکانی مەدەنی لە شاری سنە بە ڕێکخستنی “کەمپەینێک لە ژێرناوی “بەخشین” لە هەوڵی ئەوە دان بتوانن رۆحی لێبووردوویی لە نێو کۆمەڵگەدا بکەن بە نەریتێکی مرۆڤدۆستانە و پێش لە دووپات بوونەوەی توندوتیژی بگرن.
جێی وەبیرهێنانەوە پێش رێکخستنی کەمپەینی “بەخشین ” ی شاری سنە، هاوشێوەی ئەو کارە، لە لایەن چالاکانی مەدەنی لەشاری دێولان هاتە ئاراوە کە ئەوکات وەکوو تێکۆشانێکی مەدەنیانە دەنگدانەوە میدیایی لێکەوتەوە.











