رۆژنامەی فەرانسەویی لۆمۆند رایگەیاند؛ رێکەوتنی نێوان تورکیەو رووسیە لەسەر شەڕی سووریە بەبێ ئاگاداریی ئێران، بۆتە هۆی تووڕەیی رێژیمی تاران و تا جێگایەک هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران لە دوا قوناغی چۆڵکردنی شاری حەڵەب پێشییان لە بەڕێوەچوونی ئەو گەڵاڵەیە گرتووە.
رۆژنامەی لۆمۆند لە درێژەی ڕاپۆرتێک لەو بارەوە دەڵێ کێشەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە بێجگە لە کۆمەڵگەی شێعە، ئەو رێژیمە هیچ جێگەو پێگەیەکی دیکەی لە رۆژهەلاتی ناویندا نیە و کۆمەڵگای سونییەکانیش بە هۆی کوشتاری خەڵکی بێتاوانی حەڵەب، ئیگجار لە رێژیمی تاران تووڕەن و تەنانەت “حەماس” کە پێوەندیی قووڵی لە گەڵ ئەو ریژیمە هەبوو، دوابەدوای دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە، پشتی لەو رێژیمە کردووە.
لە لایەکی دیکەش سەرۆكکۆماری رووسیە ولادیمیر وۆتین بە ڕەچاو کردنی پێگەی ئێران لەنێو کۆمەڵگای وڵاتانی عەرەبی کە رۆژبەرۆژ ناکۆکییەکانیان زیاد دەبێ ، خۆی لە تورکیە نزیک کردۆتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان کۆماری ئیسلامی بە تەنیا هێشتووە.
هەرلەو پێوەندییەدا بە پێی ڕاپۆرتی ئۆرینێت نیوز؛ باسی لەوەکردوە کە دوای ڕیکەوتن و واژۆکردنی گرێبەستی شەر لە سووریە ئۆپۆزسیونی دەوڵەتی بەشار ئەسەد ڕایانگەیاندوە کە میلیشیاکانی سەربە رێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەشار ئەسەد لە هەوڵی تێکدان و هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێکەوتن و گرێبەستەدان.
شەڕڤانانی سووری لە بڵاوکراوەیەکی هاوبەشدا داوایان لە رووسیە کردووە کە ببێتە گەرەنتی ئاگربەستەکەو ڕێگە بە میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی نەدا کە لەوە زیاتر ببنە هۆی کیشەنانەوەو ئاڵۆزی لە سووریە.
شایانی باسە لە دەسپێکی ئاڵۆزی و شەڕی سووریە، کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێزێکەوە بووە بە بەشێک لە شەڕی سووریەوە و پاڵشتی لە رێژیمی بەشار ئەسەد دەکا.
تەنانەت کاربەدەستانی باڵای ئەو رێژیمە بە ڕاشکاوانە باسیان لە نفووز و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە سووریەو عێراق و لوبنان دەکەن و تائێستاش بە سەدان کەس لە پاسدار و فەرماندەکانی سەر بەە رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی سووریەدا کوژراون.