رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠/١٢/٢٠١٦ کۆڕیادێک بۆ شەرمەزارکردنی تێرۆری شەوی یەڵدای خوێناویی و بەرز راگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی ئەو رووداوە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێ لە شاری “لاهە” پێکهێنرا.
سەرەتای ئەم کۆڕیادە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و دوای ئەویش چەند خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. دواتر چەند وتەیەک بەو بۆنەوە لەلایەن بەرێز مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و بەرپرسی حیزبی دێموکڕات لە دەرەوەی وڵات پێشکەش بەشداربووان کرا.
دوای وتەکانی بەڕێز مستەفا شەڵماشی، پەیامی دەفتەری سیاسی لەلایەن مەحموود ریشە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی هوڵەند خوێندرایەوە و دوای پێشکەش کردنی ئەم پەیامەش هەر کام لە لایەنەکانی بەشداربوو پەیامی خۆیان خوێندەوە و، هەر کام لەو هێزانە لە پەیامەکانیاندا ئەو تێرۆرەیان بە توندی مەحکووم کرد و ئامادەیی و پشتگیریی خۆیان بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دووپات کردەوە و هیوایان خواست کە کورد زیاتر لە جاران یەکگرتوو بن و داوایان لە هێزەکانی باشووری کوردستان کرد، کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم تێرۆرە هاوکار بن و راستییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لایەنە پێوەندیدارەکان ئاشکرا بکەن .
کۆڕیادەکە بە وتنەوەی دروشم بە دژی کۆماری ئیسلامی و نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ رێبازی شەهیدان کۆتایی پێهات.
لایەنەکانی بەشداربوو لەم کۆبوونەوەیەدا بریتی بوون لە:
– پارتی دێموکڕاتی کوردستان
– یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
– بزووتنەوەی گوڕان
– حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران
– کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
– هەڤکاری پارتە کوردستانییەکان لە هوڵەند
– کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان
– پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)
– حیزبی سوسیالیستی دێموکڕاتی کوردستان
– پارتی سوسیالیستی کوردستان
– ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا
– پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک پار)
– یەکێتیا دێموکراتا کورد لە سووریا (یەکیەتی)
– یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
– پارتیا دێموکراتا کورد لە سووریا (الپارتی)
– حیزبی کۆمۆنیستی عراق- نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان
– و
یەکێتی نەتەوەی دێموکراتی کوردستان