کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی کریسمەس و هاتنی ساڵی نوێی ٢٠١٧ پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە و پیرۆزبایی ئەو بۆنانەی لە مەسیحییەکانی کوردستان و ئێران کردوە.
دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە:
بەبۆنەی هاتنی کریسمەس و ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لە هەموو مەسیحییەکانی کوردستان و ئێران و ئەو هاونیشتمانانە دەکەم کە سەری ساڵی زایینی جێژن دەگرن.
لە دوا ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا جارێکی دیکەش حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بووە قوربانیی تێرۆر و، بەهۆی تەقینەوەیەک کە کۆبوونەوەیەکی جێژن و خۆشیی ئێمەی کردبووە ئامانج، کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی حیزبەکەمان و ڕۆڵەکانی نیشتمان شەهید و بریندار بوون.
هیوادارم ساڵی نوێ ساڵێکی پڕ خۆشی بێ بۆ هەموو لایەک، بە تایبەت خەباتکارانی کورد و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوانن بە یەکڕیزی و هاوپێوەندیی خۆیان وەڵامێکی شیاو بە تێرۆر بدەنەوە و یەکگرتووانە لە پێناو سەرخستنی پرسی کورد لە ئێراندا تێبکۆشن.
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
٢٩ی دیسامبری ٢٠١٦