حەیدەر ئەلعیبادی، سەرۆك وەزیری عێراق كە سەردانی ئامریكای كردووە، ڕەخنەی لە دەوری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودسی ئێران لە تێکهەڵچوونەکانی پارێزگای سەلاح الدین گرتووەو ئەوەی بە سووكایەتی كردن بە دەسەڵاتدارەتیی نیشتمانیی عێراق زانیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبیە، ئەلعیبادی لەم بارەوە گوتی: خەڵكی عێراق ئەوەیان پێ قەبووڵ ناكرێ كە پێیان بڵێن، بیانییەكان بە نوێنەرایەتیی ئەوان كارەكانیان بۆ جێبەجی دەكەن.
سەرۆك وەزیری عێراق لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: ئەمن زۆر لەم مەسەلە تووڕەمو لەم بارەشەوە قسەم لەگەڵ كاربەدەستانی ئێران كردووە.
عیبادی لە قسەكانی خۆیدا، لە حاڵێكدا كە پێشوازی لە یارمەتییەكانی تاران بە وڵاتەكەی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ گرووپی داعش كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا گوتوویەتی ئێران دەبێ ڕێز لە دەسەڵاتی نیشتمانیی عێراق بگرێ.
حەیدەر ئەلعیبادی كە لە نێو كارناسانی سیاسیی ئامریكادا، لە واشینگتۆن ئەم قسانەی دەكرد، گوتیشی كە هەر چەشنە بڕیار و هەوڵێك دەبێ بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی عێراق بێ.
ئەم قسانەی عیبادی پاش ئەوەیە كە، چەندین وێنە و ڤیدیۆ، لەسەر ئامادە بوونی سولەیمانی لە عێراق بڵاو كراوەتەوە و كۆمەڵێك لە سایتەكانی سەر بە سپای پاسدارانی ئێرانیش ئەم مەسەلەیان پشتڕاست كرۆتەوە.