ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی دێسامری ٢٠١٦ی زایینی، کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بۆ ڕیسوا کردنی کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدای بەردەم بارەگای سەرەکیی حیزبەکەمان لە شاری کۆیە، کە لەلایەن کۆماری تێرۆریست پەروەری ئیسلامییەوە ئەنجام درا، ئاکسیونێکی هێمنانەی لە بەردەم نوێنەرایەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە شاری بۆنی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان و هەروەها چەندین حیزب و رێکخراوی سیاسیی کوردستانی بەشداربوون.
رێپێوانەکە بە راگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یاد و بیرەوەری شەهیدان دەستی پێکردو ڕاگەیاندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن بەرێز سمایل ئەقدەمەوە و پەیامی کۆمیتەی ئاڵمان بە زمانی ئاڵمانی لەلایەن هەمزە ئەحمەدی،یەوە پێشکەش کران.
پاشان چەندین پەیام و برووسکە بۆ مەحکوومکردنی ئەم کردەوە ترۆریستییە لەلایەن نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکانی بەشدار لەم ئاکسیونە پێشکەش کران کە بریتی بوون لەو حیزب و رێکخراوانەی خوارەوە:
– کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
– کۆمەڵەی رێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
– ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریە ENKS
– پارتی دێموکراتی کوردستان باکوور
– پارتی ئازادی کوردستان
پاشان چەند وتەیەک بە زمانی ئاڵمانی لەلایەن بەرێز سوڵتان گوڵاوی، لە سەر کردەوە ترۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی و مێژووی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشکەش کرا.
هەر لەو پێوەندییەدا باسێک بە زمانی فارسی لەلایەن بەرێز ئاسۆ کرماشانی لەسەر تیرۆرەکانی رێژیمی کۆماەی ئیسلامی پێشکەش کرا.
لە برگەی کۆتایدا پەیامێک لەلایەن خاتوو هەوار خرززادە شاعیرو چالاکی ئەدەبی خوێندرایەوە.
هەر هەمان ڕۆژ و لە رێکەوتی ۲٨ی دێسامبر لە شاری بێرلینی پێتەختی وڵاتی ئاڵمان، دەیان کەس بۆ ئیدانەکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەردەم بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستان “حدک” ئەنجامی دا، هاتنە سەر شەقام و جارێکی دیکە ناڕەزایەتی خۆیان لەمەڕ کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو دەوڵەتە تێرۆریستییە دەربڕی.. هەر لەم پێوەندییەدا، راگەیەندراوی حیزب و رێکخراوان خوێندراوە کە بریتی بوون لە؛
– حیزبی دێموکراتی کوردستان
– یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
– پارتی ئازادیی کوردستان
– پارتی کرێکارانی کوردستان “پ ک ک”
– بنکەی کوردانی رۆژهەڵات لە بێرلین
– رێکخراوی کۆمەڵەی “حیکمەتیست”
جێی ئاماژایە لەو خۆپێشاندانە بەیاننامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان به زمانی کوردی لە لایەن کاوە شەریفیان و بە زمانی ئاڵمانی لە لایەن یەکێک لە بەشداربووانەوە خوێندرایەوە.
ئەو رێپێوانە ماوەی ۲ کاتژمێری خایاند و تێیدا چەندین حیزب و رێکخراوی کوردی بەشدار بوون