ئه‌ندازیار عه‌لی گه‌ڕووسی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌فته‌ری شار و ئاواییه‌كانی پارێزگای كرماشان له‌ناكاو له‌سه‌ر كار ده‌ركرا.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ له كوردستان، عه‌لی گه‌ڕووسی كه چه‌ند مانگ له‌وه‌پێش به‌رپرسایه‌تیی گشتیی ده‌فته‌ری شار و ئاواییه‌كانی پارێزگای كرماشانی پێئه‌سپێردرابوو، له‌ناكاو و بێ ئاگاداریی پێشتر، ڕۆژی ڕابردوو به تۆمه‌تی هاندانی ڕای گشتی دژی پارێزگار له‌سه‌ر كار لادرا.
ناوبراو چه‌ندین جار بۆ چاره‌سه‌ریی گیروگرفته‌كانی ناوچه له‌گه‌ڵ یارسان و كه‌ڵهووره‌كان كۆبوونه‌وه‌ی كردبوو و له‌لایه‌ن موجته‌با نیک‌كردار، جێگری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گشتیی پارێزگای كرماشان به تۆمه‌تی ڕێكه‌وتن دژی پارێزگا و هاندانی ڕای گشتی دژی پارێزگار له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی ده‌ركرا.
هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن ده‌ڵێن، ئه‌ندازیاری گه‌ڕووسی ته‌نیا به‌هۆی سیاسی بوون له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی ده‌ركرا.
له كۆبوونه‌وه‌ی ناساندنی ئه‌میر خوسره‌وانی له جیاتی ئه‌ندازیار گه‌ڕووسی كه ڕۆژی سێشه‌ممه به‌ڕێوه‌چوو، ئیزنی به‌شداری كردن له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌شی پێنه‌درابوو.
عه‌لی گه‌ڕووسی پێشتر فه‌رمانداری شاری سه‌لاسی باوه‌جانی بوو.
شایانی باسه كه له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووش‌دا ئیبراهیم ڕه‌حیمی زه‌نگه‌نه، کە چه‌ندین ساڵ بوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای كرماشان بوو، به هۆكاری سیاسی له زانكۆی ڕازیی كرماشان ده‌ركرا.











