دوابەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەی کۆمەڵێک خەڵکی دەستنەڕویشتوو و بێدەرەتان لە شەهریاری تاران کە لە تەنیشت گۆرستانێک بەناوی نەسیرئابادی باغستان کارتۆنخەو و بێسەرپەنا ماونەوە و نزیک لە ٥٠ بنەماڵەش پەنایان بۆ گۆڕە بەتاڵەکان بردووە، کاردانەوەو هەڵویستی زۆری لێکەوتەوە.
قایمقامی شەهریار، لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی ئیرنا دانی بە هەبوونی دیاردەی لە گۆرستان ژیان بەسەر بردن داناوەو لەو بارەوە ڕایگەیاندوە نزیک بە ٦٠ کەس ژن و منداڵ و پیاو شەوانە لە بەر ئەوەی سەرپەنایان نیە، لە گۆرستان و لە نێو گۆڕە بەتاڵەکان کە پێشتر ئامادە کراون شەوانە دەمێنەوە.
دەگوترێ پتر لە ٣٠٠ گۆری بەتاڵ لەو گۆرستانە هەیە کە کەسانی پەراوێزنشین و بێخانووبەرە پەنایان بۆ بردوە.
چەندین رۆژنامەی بەناوبانگی ئێران بە خستنەبەر باسی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە رەخنەیان لە سەرجەم دەوڵەتەکانی وەسەرکارهاتوو گرتووە کە لەو بارەوە تاوانبارن. لە لایەکی دیکە دەرهێنەر و سینەماکاری ئێرانی ئەسغەر فەرهادی بە بڵاو کردنەوەی نامەیەکی دوورودرێژ لەو بارەوە بە توندی هەڵویستی گرتوە.
لە بەشێک لە نامەکەی ئەسغەری فەرهادی وێڕای رەخنە گرتن لە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی نووسیویەتی: “بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتی دیاردەی گۆرنشینی و ژیان بەسەربردن لە گۆڕستان هەستم بە شەرم کردو بێگومان هەموو ئەو کەسانە کە لە ماوەی ٣٧ ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەرپرس و کاربەدەست بوون شەرمەزارترن”. پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە هەروەها لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بە بەربڵاوی دەنگدانەوەی هەبوو، یەکێک لەوانە بە دانانی وێنەی ژیان بەسەربردنی پیرەژنێک لە نێو گۆڕی بەتاڵ، قسەکانی خومەینی لە سەروبەندی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی دانابوو کە گوتبووی: “پێویست ناکات خەڵکی خانوو بکڕن و هەمووان دەبنە خاوەن ماڵ و خانوو!!
شایانی باسە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک و وێنەی خەڵکی هەژارو گۆڕنشین هێزەکانی رێژیم هێرش دەکەنە سەریان و ئەو خەڵکە بێدەرەتانە لەوێش وەدەردەنێن کە هەر ئەوەش دەنگدانەوەی زیاترو ناڕەزایەتی دەربرینی چالاکانی مەدەنی و هونەرمەندانی لێکەوتەوە.