لە درێژەی چالاکیی تەبلیغیی بە بۆنەی کارەساتی شەوی یەڵدا و مەحکومکردنی ئەو کردەوە نامرۆڤانە و هاوخەمیی کردن لە گەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە شاری شنۆ چالاکیی تەبلیغیی کرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب، خەڵکی خەمبار و تاساوی شاری شنۆ بۆ جارێكی دیکەش بە چالاکیی و هەڵوێست گرتن کردەوەی تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدایان مەحکوم کرد و یادی شەهیدانی سوورخەڵاتیان بەرز نرخاند.
لایەنگران و دۆستانی نیشتمانپەروەری حیزب، لە شاری شنۆ ئەم شوێنانەیان کردە ئامانجی کار و چالاکیی و وێنەی شەهیدانی شەوی یەڵدا و تراکت و دروشمی پێوەندیداریان بڵاوکردەوە.
مزگەوتی جامیعە، مزگەوتی فارووق، مزگەوتی بازار، مزگەوتی رەحیمزادە، مزگەوتی مەلا تەها، مزگەوتی رەحیمئاوا، تاریکە بازاڕ، سالۆنی حیجاب، شەقامی شێخ عەبدولعەزیز، سالۆنی تەربیەت بەدەنی، مزگەوتی تەنیشت فەرمانداری، شەقامی کارگەر، کۆڵانی بێ زازان، کۆڵانی عەکاسی نیگار، کۆڵانی تاقەدار و چەندین گەڕەک و کۆڵانی دیکەی ئەو شارە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس و دەستخۆشی لە سەرجەم دۆستان و خەمخۆرانی بەئەمەگی حیزب لە شاری شنۆ، چالاکیی و تێکۆشانیان بە ئەرکێکی نیشتمانی دەزانێ و دەسخۆشییان لێدەکا.











