بەرێز مەلا حەسەن شیوەسەڵی کەسایەتیی و خەباتکاریی بەناوبانگی دێموکرات سەبارەت بە رووداوی کارەساتباری شەوی یەڵدا، پەیامێکی پێشکەش بە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد.
ناوبرا لەو پەیامەدا روو بە سکرتێری گشتیی حیزب دێموکراتی کوردستان و جێگری سکرتێری حیزب هاوخەمیی و هاودەردی خۆی دەربڕیوە. دەقی پەیامی بەرێزیان بەم شێوەیە؛
کاک خالید عەزیزی و کاک مستەفای مەولوودی وێڕای سڵاوی گەرمی برایانەم شەهادەتی بە کۆمەڵی تێکۆشەران، ئەویش لە ئاهەنگی شادیی و خۆشیی شەوی یەڵدا دا، جێگای داخ و کەسەری گەورە بوو.
بەم بۆنە تاڵەوە وێڕای دەربڕینی هاودەردیم سەرەخۆشی گەرمی خۆم بە ئێوە و هەموو هاوسەنگەران و بنەماڵەو کەسوکاری بێتاوانیان ڕادەگەینم، ڕووزەردی و سەرشۆڕی بۆ تێروریستان و ئۆباڵی مێژوویی بە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە لە ڕاست هەر چەشنە تێرورێکدا بێدەنگ دەبن و گەردەنی ئەو کەسانەش ئازا نەبێ کە بە مەبەستی تاکەکەسیی و تایبەتی تاوانە ڕەشە تێروریستییەکان دەشارنەوە و، دانیان پێداناهێنن.
ئەم جار و هەزاران جارێکی دیکەش سڵاو لە تێکۆشەرانی رێگای ئازادی و رزگاری و دوعا و شیفای هەرچێ زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەکەین و ڕۆحی شەهیدەکان شاد بێت، سەبر و سەبووری بۆ کەسوکاریان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
٢١ دیسامبری ٢٠١٦