لێکۆڵەر و رووناکبیریی بەهەڵویست و، دڵسۆزی دۆزی رەوای کوردان، ناسری ئێرانپوور لە تەمەنی ٥٤ساڵەیی بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی شەممە ٤ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، “ناسر ئێرانپوور”، لێکۆڵەر، نووسەر، وەرگێڕ و چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد و نیشتەجێی شاری “دورتمۆندی” وڵاتی ئاڵمان، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچیدوایی کرد.
ناوبراو جیا لەوەی هەڵگری بڕوانامەی کارناسی لە بواری ڕۆژنامەوانی و فێرکاریی زمانی ئاڵمانی بوو، .لە ماوەی تەمەنی پڕخزمەتی بۆ ناساندنی کێشە و پرسی مافخوازانەی کورد بە گشتیی و بەتایبەتی کوردستانی ئێران ماندوویینەناسانە خزمەتی زانستی و بێوچانی کرد، هەر ئەوەش بوو بەهۆی ناسراوی و خۆشناویی کۆچکردوو لە نێو رێکخراوە سیاسییەکانی کورستانی و غەیرە کوردستانی و وەک کەسایەتیەکی خاوەن ڕاوبۆچوونی تایبەت و سەردەمیانە جێگەی رێز و ناسیاریی هەموو لایەنێک بوو.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارە بۆ لەدەستدانی ئەو زاتە خزمەتگوزارە پەیامی پرسەو سەرەخۆشی بڵاو کردۆتەوە.
فەرموون لە گەڵ دەقی ئەو پەیامە:
پەیامی سەرەخۆشی بە بۆنەی کۆچی دوایی
نووسەر و ڕۆشنبیری پڕ خزمەت کاک ناسر ئێرانپوور
بنەماڵەی بەڕێزی کاک ناسری ئێرانپوور!
هۆگران و قەدرناسانی خزمەتی ماندوویی نەناسانەی کاک ناسر بە پرسی نەتەوەیی، دادپەروەی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ!
کاک ناسری ئێرانپوور، ئەو ڕۆشنبیرە تێکۆشەرە بوو کە هەر لە سەرەتای هاتنی بۆ نێو کاری سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە تا دوا پشووی ژیانی، بە چالاکیی سیاسی وڕێکخراوەیی، بە فکر و قەڵەم و لێدوان، بە نووسین و وەرگێڕان، خزمەتی بە چەمک و ئامانجەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، چارەسەری پرسی نەتەوەیی، ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ کرد. ناسر ئێرانپوور، لە گەڵ ئەوەی لە خەمخۆری و پشتیوانی بۆ بزووتنەوە و تێکۆشانی ئازادیخوازی، لە ئاستی کوردستان و ئێران دا سنووری نەدەناسی، هەر لەو کاتەش دا بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان و بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەر وەکوو دۆستێکی زۆر نزیک بەڵکوو وەک کادرێکی خۆ تەرخانکردوو، ئەرکی گرتبووە ئەستۆ و لە بەرامبەر ئەو هێڕشە ناڕەوایانەی شۆڤینیستەکان و نەیارانی دیکەی پرس و بزووتنەوەی نەتەوەیی دەیانکردە سەر حیزبی دیموکرات و ڕیکخراوە سیاسییەکانی نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی، پشت ئەستوور بە توانای فکری و تێئۆریکی خۆی وەدەست دەهات و بەرپەرچی دەدانەوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە کۆچی دوایی کاک ناسر ئێرانپوور دۆستێکی بە نرخی لە دەست دا. ئێمە بۆ مەرگی ناوەختی ئەو ڕۆشنبیر، لێکۆلەر و وەرگێرە بە نرخە بە داخین و لە دەستدانی بە خەسارێک بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان و گەلەکەمان دەزانین. هەر بەم بۆنەیەوە گەرمترین سەرەخۆشی و هاوخەمیمان پێشکەشی بنەماڵە بەڕێزەکەی و هەموو قەدرزانانی ئەو کەسایەتییە پڕ خزمەتە دەکەین.
گیانی کاک ناسری خۆشەویست شاد و یادی بۆ هەمیشە بەڕێز بێ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٢٥/١٢/٢٠١٦
٥ی بەفرانباری ١٣٩٥