ئەزانن، لە پشت بازووی بەردینتانەوە
چ شکۆفەیەک هەنارستان
بە گەرمەلانی سووری بەفر
تنۆک، تنۆک سەوز ئەکاتەوە.
ئەوکاتەی بەسەر
تەرمی سەلیب لێدراوی ئەم دوورگە بێئاڵایەدا
تۆ پاسەوانێکی
شکۆت تەڵبەندەکانی بەندی سنووری ئەبەزاند و
من بە دیار ڵاپەڕەی داستانەکانتەوە
سپی سپی دائەنیشتم.
ئەی سوور، خاکی پۆشەکانی نیشتمان!
ئێوە لەگەڵ شەفەقی هەر بەیانیەک
ئەچنە ژێر باڵی بەرد و
خاک تاسەر سینەی کەوشەکانتان نوقم ئەبێ
لە جێژوانی ئەم زیندوو ژیانەدا
تفەنگەکەت دەسگیرانی سەرجێگەت و
گوللەکانیش ملوانکەیەک بەچاڵەکەی لای ملتەوە.
سەوز ئەبن بەسەر شانی شاخەکانەوە
گوڵینگەی پووزوانەی ئەم سەفەرانە
ئەی سپاسالاری
جەنگەکانی پێشەوی داستانی ئێمە
ئیتر لێرە بەولاوە
شکۆی جامانەتان
بۆبرینی هەر هەنارێک ئەپێچینەوە
بۆ ئیڤڵی بالات کراسێک
لەسەر هەوری سینەی گەرمتەوە
کلوو کلوو بەفر ئەچنین
بۆ هەرخەشابێکت ڕیتمی باران و
ئاهەنگێک لە سێتاری شوان پەروەرەوە
ببێتە بروسکەیەک و
بە گوێی ئەم جوغرافیا ” خەوتووەدا” بگرمێنێ
تا مردوەکانی کەوتوو لەناو مال و بالەخانەکانی ئەم وڵاتە
تا دڵدارانی رێگای خۆر، بۆیان ئاشنا بێ
لە هەناری یەلدای هەرساڵێکدا
تنۆک، تنۆک
سووری خوێنی تۆیان بێتەوە بیر، ئەی فەرماندە.
” هوشەنگ قادری”