ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد ڕێیان لە سەفەری بنەماڵەی شەهید وەهاب میرخزری بۆ باشووری کوردستان گرتوە.
محەممەد میرخزری، کوڕی شەهید وەهاب میرخزری لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان و کورد ڕایگەیاند کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە مەهاباد هەڕەشەیان لە مام و خزمە نیزیکەکانی شەهید وەهاب کردوە کا نابێ بەڕەسمی پرسەی بۆ دابنێن، یان ئاگاداریی شەهیدبوونی چاپ بکەن و لەدار و دیواری بدەن. ئەوان هەروەها پێیان ڕاگەیەندراوە کە هەتا سێ مانگ ئیزنی سەفەری دەرەوەی وڵاتیان پێنادرێ، بۆیەش نەیانتوانیوە لە ڕێوەڕەسمی ناشتن و پرسەی شەهید وەهاب و شەهیدەکانی دیکەی یەڵدای حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا بەشدار بن.
محەممەد میرخزری دەڵێ سەرەڕای هەڕەشە و فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەڵام پرسەی شەهید وەهاب میرخزری لە ماڵی خوشکی شەهید وەهاب لە مەهاباد داندراوە و خەڵکێکی یەکجار زۆر بەشدارییان تێدا کردوە.
شایانی باسە دوای تەقینەوەکەی شەوی یەڵدا لە بنکەیەکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە شەهیدبوونی ٥ پێشمەرگە و دوو کەس لە هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، شەپۆلێکی بەرینی هاوخەمی و هاوسۆزی لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات وەرێکەوتوە و هەروا درێژەی هەیە.