شەوی٢٠ لە سەر ٢١ی دیسامبری ٢٠١٦ ی زایینی بە داخەوە ئاگادار بووین لە کردەوەیەکی تیرۆریستی بەرنامە بۆ دارێژراودا پۆلێک کادرو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان شەهید و بریندار بوون.
ئێمە لە لایەن دەفتەری سیاسی کۆمەڵەوە ئەم کردەوە تیرۆریستیە بە تووندی مەحکووم دەکەین و هیواخوازین لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان لە درێژەی لێکۆلینەوەکانیاندا بە ئەنجامێک بگەن و بۆ ئاشکرا کردنی سەرچاوەی ئەم جۆرە کردەوانە هەنگاوی پێویست هەڵگرن و رای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە.
ئەمە یەکەم کردەوەی تیروریستی نیە بە دژی حیزبەکان و تێکۆشەرانی سیاسی و ئاخرین هەوڵیش نابێ. وەک هەمووان ئاگادارن ساڵ و نیوێک لەوەو پێش کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کرایە ئامانجی کردەوەیەکی تیروریستی گەورەو کەم وێنە، بە خۆشیەوە پیلانەکە پوچەڵ کرایەوە. بەڵام بە داخەوە لە درێژەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئەم جارە پۆلێک تێکۆشەری حیزبی دیموکراتی کوردستان شەهید و بریندار بوون.
ئێمە دڵنیاین ئەم کردەوە زەبوونانە بە دژی حیزبەکان و تێکۆشەرانی سیاسی درێژەیان هەیە، بەڵام تیروریستانیش دڵنیا دەکەین ئیرادەی بە هێزی تێکۆشەران و حیزبەکان بە کردەوەی تیروریستی نەک لاواز نابێ بەڵکو هەموو لایەک سوورتر دەکا بۆ خەبات بە دژی دەوڵەتی تیرۆرو سێدارە.
لە کۆتایدا بەم بۆنەوە سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بۆ رێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە تێکۆشەرەکانی ئەو شەهیدانە دەردەبڕین و خۆمان بە شەریکی خەمتان دەزانین. هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ” عەدنان عەبدوڵڵا” کارمەندی ئاسایشی کۆیە دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هەموو بریندارەکان دەخوازین.
دەفتەری سیاسیی
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٢١/دیسامبر/٢٠١٦
١/بەفرانباری/١٣٩٥