سێ کچە بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی کرمان، لە پەیامێکی هاوبەشدا، کردەوەی تیرۆریستیی شەوی یەلدا مەحکووم دەکەن و هاوخەمیی خۆیان بۆ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدانی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە دەردەبڕن.
هەر یەک لە ئەفسانە بایزیدی، هاجەر پیری و سۆهەیلا مینایی لە پەیامەکەیاندا نووسیویانە: بە داخەوە زانیمان کە دوژمنی کوێر بوو بە دیتنی حیزبە کوردییەکان، لە رێوڕەسمی شەوی چلەی ئەمساڵ، لە بنکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بۆمبیان دانایەوە و ژمارەیەک لە خەباتگێڕانی ئەو حیزبە و ئەفسەرانی ئاسایشی کۆیە، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون و چەند کەسێکیش بریندار بوون. ئێمە، وەک سێ بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی کرمان، هێرشی تیرۆریستی و مەرگخوڵقێنی شەوی یەڵدا لە بنکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە توندترین شێوە مەحکووم دەکەین و ڕادەگەیەنین کە ئەم کردەوە دژە مرۆڤانەیە و بەرپرسان و بڕیاردەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە بێ وڵام نامێننەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیاندا، ئەفسانە، هاجەر و سوهەیلا دەڵێن: ئێمە پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان بۆ ڕێبەریی حیزب و بنەماڵەی ئەو شەهیدانە دەردەبڕین و هیوای ساخی و سڵامەتی بۆ بریندارەکانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەخوازین.