بۆ ئاگاداریی ڕای گشتی
تەقینەوەی تیرۆریستی لە نزیک یەکێک لە بنکەکانی ەفتەری سیاسیی حیزب، شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لێ کەوتەوە.
ئەمشەو ٢٠ لە سەر ٢١ی دیسامبر (شەوی یەلدا)، دەوروبەری کاتژمێر١٠ی شەو لە کاتێک دا بەشدارانی ڕێورەسمی یادی لە دایکبوونی د.قاسملوو، بە دوای کۆتایی بەرنامەکە بۆ ماڵەکانیان دەگەڕانەوە، دوو تەقینەوەی بە دوای یەک لە نزیک پرسگەی بەر دەرکی قەڵای دیموکرات ڕوویان دا. بە هۆی ئەم تەقینەوەیە بە داخەوە ٦ کەس شەهید و ٤ کەسیش بریندار بوون.
شەهیدەکانی ئەم ڕووداوە بریتین لە:
1- عەلی قۆیتاسی، کادری حیزب
2- وەهاب میر خزری، کادری حیزب
3- سالار باقری، پێشمەرگەی حیزب
4- ئەرسەلان عەباس نیا، پێشمەرگەی حیزب
5- ناسر کەریمی، ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات،
6- عەدنان عەبدوڵلا، مفەوەزی ئاسایش
بە هۆی ئەم ڕووداوەوە دوو پێشمەرگەی حیزب و هەر وەها دوو پۆلیسی ئاسایشیش بریندار بوون.
وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە و هەر وەها سەرەخۆشیو هاودەردیی قووڵمان لە گەڵ بنەماڵەی شەهیدانی ئەو ڕووداوەو هیوای هەر چی زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، ڕادەگەیەنین کە لێکۆڵینەوە لە سەر چۆنیەتیی ڕووداوەکە بەردەوامەو، ئاسایشو دەزگا پێوەندیدارەکان لە شوێنی رووداوەکە حوزووریان هەیە. زانیاریی زیاتر لە راگەیەندراوەکانی داهاتوو دا بە ئاگاداریی بیرورای گشتی دەگەیەنین.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان
شەوی٢٠ لە سەر ٢١ی دیسامبری ٢٠١٦
شەوی ١ی بەفرانباری ١٣٩٥