بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتیی حیزب، لە رێکەوتی٢٦ی سەرماوەز، حوسێن مەمەند خەڵکی گوندی گەرۆری پێشمەرگەپەروەر لە تەمەنی ٦۳ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچیدوایی کرد.
دوای راپەڕینی شۆرشی گەلانی ئێران و ئاشکرا بوونی چالاکیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هاوڕێ حوسێن دەبێتە یەکێک لە هاوکارە نزیکەکانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و، لە ناوچەی نەڵێنی گەورکی رەبەت و دواتر وێڕای چەند کەس لە کوڕەکانی گوندی گەرۆر پەیوەست بە ریزەکانی پێشمەرگە دەبن و، ساڵانێک وەک پێشمەرگە لە لکی ۲ی هێزی مینەشەم و دواتر هێزی زمزیران خزمەتی بە گەل و نیشتمان کرد.
ناوبراو لە لە کاری حیزبیدا، هەمیشە کەسێکی ئەرکوەخۆگر و هەڵسوور و چالاک بوو. هاوڕێ حوسێن مهمهند لە رۆژیادی پێشمەرگەی کوردستان واتە رۆژی ٢٦ی سەرماوەزدا، بە هۆی نەخۆشی کۆچیدوایی کرد و لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەی ڕەبەت بە خاکی نیشتمان ئەسپەردە کرا.
کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە بنەماڵەو سەرجەم کەسوکاری هاوڕێ حسێن مەمەند، خۆی بە هاوخەم و بەشدار لە خەمیان دەزانێ.