له سه‌ر بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌کانی مرۆڤ (ژنێف) ڕۆژی شه‌ممه رێکه‌وتی ١٧-١٢-٢٠١٦، بۆ له قاودانی پێشێلکاری مافه‌کانی مرۆڤ له ئێران و به‌تایبه‌ت رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، خۆپیشاندانێک به به‌شداری به‌شێک لە ئه‌ندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب و یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان له به‌رده‌م بنکەی سەرەکی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووەکان له شاری ژنێف بەڕێوەچوو. خۆپیشاندانەکە کاتژمێر ١ی پاش نیوه‌رۆ بە سروودی نەتەوایەتی “ئه‌ی ره‌قیب” دەستی پێ‌کرد. دواتر له لایەن به‌رپرسی ناوه‌ندی زاگرۆس ئازاد سەڵاواتی، چەند وتەیەک له سه‌ر پێشێلکاری و جه‌نایه‌ته‌کانی رێژیم دژ بە خەڵکی ئێران بەگشتی و ڕۆلەکانی نەتەوەکەمان بەتایبەتی و گرتن، ئەشکەنجە و کوشتنی جیابیران و هەروەها کوشتنی کۆلبه‌رانی کورد، پێشکەش کرا.
پاشان په‌یامی یه‌کیەتیی ژنان له لایه‌ن خاتوو مه‌عسوومه ئازەرلوو و په‌یامی یه‌کیەتیی لاوان له لایه‌ن شه‌ماڵ پاساری و په‌یامی کومیته‌ی حیزب له لایه‌ن “هێمن نه‌مازپه‌ره‌ست” خوێندرانەوە. له هه‌ر سێ په‌یامه‌کاندا ئاماژە به جه‌نایه‌کانی رێژیم له کوردستان کرابوو. هه‌روه‌ها داواکارییەک له لایه‌ن خۆ‌پێشانده‌ران به زمانی ئینگلیزی ئاماده کرابوو که له‌وێدا داوا لە رێکخراوه‌کانی داکۆکیکار له مافی مرۆڤ کرابوو کە لەوە زیاتر ئیزن نه‌ده‌ن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جه‌نایه‌ت بکا. ئەو داواکاریە ڕادەستی کاربەدەستانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا. بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئەو خۆپێشاندانە تەرخان کرا بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان و پشتگیری له پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، کە لەو بەشەشدا خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بۆ ئەو پرسە گرینگە دووپات کردەوە.