کوشتاری کارەساتباری خەڵکی حەڵەب و بەشداری کردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شەڕەدا، دیسانەکە لە چەندین وڵاتی ئورووپایی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕێنی لێکەوتەوە و باڵویزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری لەندەن هەڵوێستی گرت.
حەمید بەعیدینەژاد باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لەندەن، سەبارەت بە بەرێوەچوونی خۆپێشاندان لە بەر دەم باڵوێزخانەی ئێران لە ولاتانی تورکیە، فەرانسە، بریتانیا لەو پێوەندییەدا نیگەرانی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند؛ لە هەلومەرجی ئێستادا ئوپۆزیسیونی ئێران و دژبەرانی نیزام بە پاڵپشتیی هێندێک لە وڵاتان لە بەردەم باڵوێزی ئێران خۆپێشاندان وەڕێدەخەن و دەبێ لەو بارەوە وشیار بین.
جێی ئاماژەیە کە رۆژی شەممە ٢٧ی سەرماوەز، خۆپێشاندانی بەربڵاو لە بەردەم باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەندین وڵاتی ئورووپای بەرێوەچوو.
بەشدارانی خۆپێشاندانەکان بە توندی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامییان لە وڵاتی سووریە و هەروەها کوشتاری خەڵکی بێتاوانی حەڵەب، بە دەستی سپای پاسداران و ملیشیاکانی گرێدراوە بە سپای پاسداران مەحکووم کرد.
تەلەویزیونی “الجزیرە” لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە خۆپێشاندانی شاری پاریس ڕایگەیاند کە ئامادەبووان لە بەردەم باڵوێزی ئێران لە فەرانسە، خوازیاری ئەوەبوون کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوشاری زیاتر بخەنە سەر ئێران بۆ وازهێنانی ئەو وڵاتە لە کوشتاری خەڵکی حەڵەب و کاولاش کردنی وڵاتی سووریە.
هەروەها خۆپێشاندەران هاودەستی کردنی ئێران و رووسیەیان لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریە مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند ڕیبەرانی ئەو دوو وڵاتە لە شەڕی سووریە تاوانباری یەکەمن و هەتا کۆماری ئیسلامی لە سووریە نەکشێتەوە شاری حەڵەب ئازاد نابێ.
هەواڵدەریی “ئاناتولی”یش لە ڕاپۆرتێکدا، باسی لەوە کرد کە چەندین ڕێکخراوی مافپارێزی و هاووڵاتیانی سووریەیی نیشتەجێ لە تورکیە، بە ئامادەبوون لە بەردەم باڵوێزخانەی ئێران لە ئەستەمبۆڵ بە سەردانی دروشم و هەڵگرتنی تراکت و نووسراوە نارەزایەتی خۆیانیان لە پاڵپشتی کردنی دەوڵەتی تاران لە بەشار ئەسەد دەربڕی.
شایانی باسە شاری حەڵەب گەورەترین شاری سووریەیە کە پتر لە سێ ساڵە بۆتە شوێنی شەڕو ئاژاوە و بە دەیان هەزار کەس کوژرا و برینداری لێکەتووتەوە.