بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی ئاڵا و رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بە بەشداری بەرچاوی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دۆستان و لایەنگرانی ئەو حیزبە، رێوڕەسمێکی بەشکۆ لە وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوە چوو و رێز لەو رۆژە گیرا. رۆژی شەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ، بە هاوکاریی یەکێتی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کلتووریی کوردیی “رۆمەریکە” لە وڵاتە، بۆ رێزگرتن لە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پێشمەرگەی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، رێوڕەسمێکی بە شکۆیان بەڕێوە برد و رێزیان لە پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان گرت. سەرەتا پێشکەشکارانی بەرنامە، هاوڕێیان “بەفرین رۆستەمی” و “سۆران مەحموودی” دەستپێکی رێوڕەسمی رێزگرتن لە رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەیان راگەیاند و بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی و دوژمنشکێنی “ئەی رەقیب” لە لایان کۆڕسی یەکێتی لاوان و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستیان پێ کرد. پاشان هاوڕێ “سەردار مەرەسەنە” بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کومیتە نۆڕوێژ، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان پێشکەش کرد. لە بەشێک لە پەیامەکەی دەفتەری سیاسیدا هاتبوو: “٢٦ی سهرماوهز (١٦ی دیسامبر) رۆژێکی گرینگە لە مێژووی جووڵانهوهی رزگاریخوازانهی نهتهوهکهماندا. ٧١ ساڵ لهمهو پێش به دهستی رۆڵه دڵسۆز و به ئهمهگهکانی گهلهکهمان ئاڵای پیرۆزی کوردستان وهک هێمایهکی نهتهوهیی له بهشێک له شار و گوندهکانی رۆژههڵاتی کوردستان ههڵکرا و شهکایهوه. به مهودایهکی کورت پاش ئهم رووداوه، ناوی “پێشمهرگه” لهسهر خهباتکار و بهرگریکاری نیشتمانیی کورد دانرا. “هێزی پێشمەرگە” و “ئاڵای کوردستان” لە داهێنان و دەسکەوتە هەرە بە نرخەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەدن. لهو کاتهوه “ئاڵا” و “پێشمهرگه” بوونه شوناس و پێناسهی نهتهوهییمان. هەروەها لە پەیامەکەی دەفتەری سیاسیدا ئاماژە بەوەش دەکرێ کە: رۆژههڵاتی نێوهڕاست بهگشتی و ئهم ناوچهیهی که کوردستان و نەتەوەی دابەشکراوی کوردی تێدا هەڵکەوتووە بە تایبەتی، له ئاڵۆزترین ناوچهکانی جیهانن. هاتنی داعش وەک هێزێکی توندڕەوو دواکەوتوو و دژە مرۆیی بۆ ناو گۆرهپانهکه، ئهم ناوچه پڕ کێشهیهی هێندهی دیکه ئاڵۆزتر کردوه. ناکۆکی و ململانێی نێوان وڵاتانی ناوچهکه و حوزووری زلهێزهکانی جیهان و وڵاتانی خاوهن بهرژهوهند، دۆخی رووداوهکانی به ئاقارێکی دیکهدا بردوه. له دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا ئهم ناوچانه بوونه شوێنی تهراتێن و پێکدادانی توند و خوێناویی چهندین هێز و لایهنی ناوچهیی و نێودهوڵهتی. قوربانیانی سهرهکیی ئهم شهڕه خهڵکی بێدیفاع و ژن ومنداڵ و پیرو پهککهوتوو بووه. له ئاکامی ئهم شهڕ و ململانێیانە دا سهرهڕای قووڵتر بوونهوهی کێشە سیاسی و ئابووری و نهتهوهیی و مهزههبیهکان له نێوان پەیڕەوانی ئایین وئایینزا جیاوازەکان دا، ژێرخانی ئابووریی ئهم وڵاتانه به تهواوی رووخاوه. به میلۆنان کهس ئاواره و بێ ماڵ و حاڵ بوون، به سهدان ههزار کهس کوژراو بڕیندار بوونو بوون بە دهستهچیلهی ئهم شهڕه، به بێ ئهوهی هیچ دهستکهوتێکیان ههبێ.” هەوەها دەڵێ: “سهرهڕای ههموو پیلان و هەوڵەکانی دەوڵەتانی دژە کوردی ناوچە، کورد یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانە کە هێزە جیهانی و ناوچەییەکان ناتوانن حیسێبی بۆ نەکەن. وەک دەبینین لە شەڕی جیهانیی دژە تیرۆر دا نەتەوەی کورد، هاوپەیمان و هێزێكی سەرەکییە و ئەم ڕاستییە و کۆمەڵیک هۆکاری دیکە وایان کردوە، لە ئاستی نیودەوڵەتی دا، پرسی کورد و نەتەوەی کورد،پشتیوانییان لێ بکرێ.” ئەوجار کۆڕی سروودی یەکێتی لاوان بە سروودی “هەڤاڵی پێشمەرگە” جۆش و خرۆشێکی تایبەتییان بە رێوڕەسمەکە بەخشی. دوا سروودی هەڤاڵی پێشمەرگە، پەیامی هاوبەشی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کلتووری “رۆمەریکە” لە وڵاتی نۆڕوێژ، لە لایان هاوڕێ “جەعفەر رەسوڵی” ئەندامی بەرێوەبەریی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆڕوێژ خوێندرایەوە کە لە بەشێک لە پەیامەکەیدا هاتبوو: “ئەگەرچی بەهۆی دەستەڵاتی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی و فەزای ئەمنییەتی زاڵ بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستاندا، تا ئێستا دەرفەتی ئەوە دروست نەبووە کە بە شێوەیەکی یاسایی رۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆی خاوەنی ئەو هێما پیرۆزانەیە، ئاڵای خۆی هەڵبکات و بشەکێتەوە، بەڵام پێشمەرگە وەک سومبولی قارەمانەتی و خۆڕاگری، لەخۆبوردووانە بۆ ئازادیی نیشتمان هەروا لە تێکۆشان و گیانبازیدایە و لەم رێگەیەدا بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی، گەورەترین تێچووی گیانی داوە و سەرەڕای ئەو هەموو کەندو کۆسپ و زەبرو زەنگە، لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامەو تا گەیشتن بە ئاواتەکانی ئەرکی خۆی درێژە پێ دەدا..” دوابەدوای پەیامی یەکێتییەکانی لاوان و ژنان و کۆمەڵەی کلتووری، سروودی “کوردستان، تۆی ژیان” لە لایان کۆمەڵێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هاتە پێشکەشکردن کە لە لایان ئامادەبووانەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا. چەند تابڵۆیەکی سەرەنجڕاکێشی هونەریی تیپی هەڵپەڕکێی یەکێتی لاوان، بڕگەیەکی دیکەی جوانی ئەو رێوڕەسمە بوو. وەک رێزێک لە چالاکی و هەڵسوڕانی بەرچاویان، بەڕێوەبەریی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆڕوێژ، لەوحی رێزلێنانی پێشکەش بە گرووپی سروود و تیپی هەڵپەڕکیی لاوان کرد کە لە لایان هاوڕێ “رزگار حەبیب زادە” بەرپرسی کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە رادەستیان کرا. ئەوجار هونەرمەندانی دەنگخۆش “هوشیار ئیبراهیمی” و “سیروان عەبدوڵڵاهی”، بە چەند گۆرانییەکی خۆش و سەرەنجڕاکێش و هەستبزوێن، جۆش و خرۆشێکی تایبەتییان بە رێوڕەسمەکە بەخشی و بوونە مایەی شادی و خۆشحاڵیی بەشداران. لە بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، هاوڕێ “مامۆستا تاهیر بەهراموەند” بە نوێنەرایەتی کومیتەی وڵات، چەپکە گوڵی رێزلێنانی پێشکەش بە کۆمەڵێک لە ئەندامانی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی “رۆگلاند” کرد کە تازە شەرەفی ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان پێ بەخشراوە و ئەو چەپکە گوڵە رادەستی هاوڕێ “مەندانە حەبیب زادە” کرا کە خۆیان وەک نوێنەر دیارییان کردبوو و لەو پەیوەندییەشدا هاوڕێ “مەندانە”ش وتەیەکی پێشکەش کرد. دوابەدوای ئەو رێزلێنانە، هاوڕێ “حوسێن حەسەنیان” پەخشانێکی شۆڕشگێڕی و حیماسی تایبەت بەو رۆژەی خوێندەوە. وەک دوا بڕگە، هونەرمەندی شۆڕشگێڕ و دەنگخۆش هاوڕێ “بێهروز لوتفی” مایکی ئەو رێوڕەسمەی درایە دەست و بە چەندین گۆرانیی خۆش و رەسەنی کوردی هاوکات دەگەڵ شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران، چێژێکی تایبەتی بەو رێوڕەسمە بەخشی و شادی لە دڵاندا گێڕا. شایانی باسە، وەک رێزگرتن لە زەحمەت و ماندووبوون و روحیەی هاوکاری، لە لایان هاوڕێ”هەمزە ئاگوشی”یەوە بە نوێنەرایەتی کومیتەی وڵات، ئاڵای کوردستان بە سینگی هەریەک لە هونەرمەندان “هوشیار ئیبراهیمی” و “سیروان عەبدوڵڵاهی” و “بێهروز لوتفی”یەوە هەڵواسرا و سوپاسیان کرا.