زیاتر لە ١٠٠ ئورگان و رێکخراوی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لە رێکخراوی وڵاتە یەکگرتووەکان داوایان کردوە، کە کومیتەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوەو وخستنەرووی کۆمەڵکوژی دەهەی ٦٠ی هەتاوی پێکبهێندرێ. لەو بانگەوازەدا ئاماژەیان بەوە داوە کە لێبوردنی نێونەتەوەیی کوشتاری دەهەی ٦٠ی لە ئێران بە جنایەت لە دژی مرۆڤایەتی لە قەلەم داوە.
١٠٠ رێکخراوی نێونەتەوەیی بە نووسینی نامەیەک بۆ “زەید رەعدولحسێن” کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤ لە رێكخراوی وڵاتە یەکگرتووەکان، بە خستنە بەرباسی هەڵکشانی رێژەی ئێعدامەکان لە ئێران و دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا، داوایان کردووە کە زیاتر و بەجیددیتر لەسەر پرسی ماڤی مرۆڤ لە ئیران هەڵویستیان هەبێ.
لەو بانگەوازەدا بە وەبیرهێنانەوەی ئێعدامی زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانی سیاسی و جیابیران لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بڵاوبوونەوەی دەنگی تۆمارکراوی حسێنعەلی مونتەزێری کە بەڕاشکاوانە باس لەو جەنایەتە دەکا، خوازیاری ئەوەن کە بە زووترین کات بەرپرسان و کاربەدەستانی پێوەندیدار بەو کۆمەڵکوژییە ڕادەستی دادگایەکی بێلایەن بکرێن و سزا بدرێن.
لەم دواییانە جێگری وەزیری ئیتلاعاتی رێژیم، ئاماری ئێعدامکراوانی دەهەی ٦٠ی ٣٣٧٠٠ کەس ناوبرد و، هەر لەو بارەوە چەندین کەس لە بناژۆخوازان لەو کردەوە نامرۆڤانە پاڵپشتییان کرد و بە هۆکاری سەقامگیر بوونی کۆماری ئیسلامی لە ئێرانیان زانی. ئەوە لەکاتێک دایە کە چەندین رێکخراوی نێونەتەوەیی، کومەڵکوژیی دەیەی ٦٠ بە جەنایەت بە دژی مرۆڤایەتی دەزانن و خوازیاری سزادانی بکەران و بەڕێوەبەرانی ئەو کارەساتەن.
شایانی باسە کومەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی و جیابیرانی دەهەی ٦٠ لە ئێران بە فتوای خومەینی و دامودەزگای قەزایی لە کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو.
ئەم رووداوە نامرۆڤانە، لە نێوخۆی وڵات و لە ناو بەرپرسانی رێژیمیش رەخنە و گازندەی لێکەوتەوە.
حسێنعەلی مونتەزێری هەر بە هۆی رەخنەگرتن لەو بارەوە لە سەرکار وەلانراو، خانەنشین کرا و هەروەها کوڕەکەشی بە هۆی بڵاوکردنەوەی تۆماری دەنگی باوکی کە بە ڕاشکاوی باس لەو جەنایەتە دەکا، ڕادەستی دادگا کراو زیندانی دوورودرێژی بۆ بڕایەوە.